رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێکدێنن.
رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە، هاوکات لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت".
ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەکە دوای ئەوە هات کە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبێنێت.
بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕانە لە نێوان دوو کۆبوونەوەدا.
ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پێکدێن لە: عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی. شێخ کامیل قادر، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتیمانی. سەفینی مەلا قەرە، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان. ئاسۆ رەحیم، سکرتێری کاروباری باژێرەکان. دەرباز محەممەد، سکرتێری کاروباری ژوورەکان. برزۆ مەجید، سکرتێری کاروباری خەڵک و جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و لە هاوپەیمانییەکی هاوبەش بەناوی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی کردبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
رۆژی 11-10-2021 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی کردووە و دەڵێت: "بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێنا و سەرنەکەوتوون".
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، دان بەوەدا دەنێن کە "هەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەکان، بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەهێناوە".
راگەیێندراوی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا. تێیدا:
یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ گۆڕانکاری.
دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا.
سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.
چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راست دەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
١٣ی ١٠ی ٢٠٢١
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ