رووداو دیجیتاڵ
دوو بەربژێر لە دوو لیستی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەچە دەکەن (نیقاب) و دەڵێن، بەو شێوەیە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.
یەکێک لەو دوو بەربژێرە سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە پارێزگای هەڵەبجە و دەڵێت، "نیقاب خاڵی هێزە و زۆر کەس بەهۆی نیقابەوە دەنگم پێدەدەن".
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوو ئافرەت لە دوو لیستی جیاواز، بە پەچە (نیقاب)ـەوە دەردەکەون و دەیانەوێت بانگەشە بکەن.
لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، خوشکی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانە، لەدایکبووی ساڵی 1976ـە، ئەو سەرۆکی لیستی حیزبەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. بە رووداوی گوت، "بۆ من نیقاب بەشێکە لە کەسایەتیم، بۆیە بانگەشەکەم بۆ هەڵبژاردن بە نیقابەوە دەکەم و هەموو وێنەکانیشم هەر بە نیقابەوە دەبێت، پێشبینیم زۆرە خەڵکێکی زۆر بە پیاو و ژن و کچان و کوڕانەوە بەهۆی ئەو پۆشتەیی و نیقابەوە دەنگم پێبدەن".
ئەو بەربژێرە کە دەرچووی کۆلێژی شەریعە و زانستە ئیسلامییەکانە، دوای دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ چەند مانگێک بووە پەرلەمانتار، بەڵام دواتر بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی ئەو خولە و بڕیارەکانی دوای ئەو درێژکردنەوە کە شوێنگرتنەوەی ئەو پەرلەمانتارانەشی تێدا بوو بە"هەڵوەشێندراو" هەژمارکرا.
ئامینە مەحموود قادر کە ناسناوی "ئامینە کەلاری"یە، یەکێکی دیکەیە لەو دوو بەربژێرەی بە پەچەوە بەشداری بانگەشەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
ئەو کە نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت پەچەی کردووە، لەدایکبووی ساڵی 1972 و دایکی پێنج منداڵە، بەربژێری لیستی بزووتنەی پەیوەندیی ئیسلامییە کە کامیل حاجی عەلی، رێبەرایەتی دەکات.
ئامینە بە رووداوی گوت، "من دەمەوێت خزمەتی گەل و نیشتمانەکەم بکەم، دەستبەرداری نیقاب نابم و وێنەکانیشم بە نیقابەوە هەڵدەواسم، ئومێدیشم وایە خەڵک پشتگیریم بکەن".
گوتی، "چەند جارێکی دیکە داوام لێکراوە بەربژێر بم رەتمکردووەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان رازی بووم".
ئەو پۆشینی پەچە، بە بەربەست بۆ چوونە پەرلەمان نازانێت و دەڵێت، "گرنگ خزمەتکردن و رەزامەندیی خودایە؛ ئەوە بەلای منەوە جێی بایەخە، ئومێدیش دەکەم لە خزمەتی هەمووان بم لەپێناو ئایینەکەم و پەیامەکەی".
ئامینە ناسناوی کەلاریی هەیە، بەڵام ئەو دانیشتووی هەولێرە و لەسەر بازنەی هەولێر خۆی بەربژێرکردووە، 12 ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە و دەرچووی زمانی عەرەبیی زانکۆی عێراقییەی بەغدایە.
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ