رووداو دیجیتاڵ
دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ رەتیکردەوە پەیمان گەڵوانی لەژێر ئەشکەنجەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێدا گیانی لەدەستدابێت و دەڵێت، "بەهۆی جۆرێکی تایبەتی نەخۆشیی خوێنەوە گیانی لەدەستداوە،" بەڵام پێشتر خێزانەکەی رەتیانکردبووەوە نەخۆش بووبێت.
پەیمان گەڵوانی، تەمەن 24 ساڵ، رۆژی 09-07-2023 لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ گیانی لەدەستدا. دواتر هەندێک وێنە لە کاتی شۆردنیدا بڵاوبوونەوە کە گیانی خوێنی لێدێت و بەشێکی زۆری جەستەی رەش و شین هەڵگەڕاوە. چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، "ئەشکەنجە دراوە."
دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ رۆژی 12-07-2023 رایگەیاند، "نیشانەکانی رەش و شینبوونەوەی سەر تەرمی گەڵوانی بەهۆی ئەوە بووە کە ئەو کاتەی لە نەخۆشخانە ناڕەحەت بووە، کادری نەخۆشخانە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکەن بە ناچاری بە قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بەستوویانەتەوە."
بەپێی راپۆرتی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ، پەیمان گەڵوانی نەخۆشیی TTPی هەبووە، کە خوێنی کەسەکە دەمەیێت. دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، "هیچ شوێنێکی گەڵوانی نەشکاوە."
ئەندامێکی بنەماڵەکەی گەڵوانی رۆژی 10-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیمان هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و پێیانوایە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.
پەیمان گەڵوانی رۆژی 25-06-2023 دەستبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی شاری ورمێ، بەڵام رۆژی 05-07-2023 تەندروستیی تێکچووە.
مێهراب پوورئەکبەر، داواکاری گشتیی مەهاباد، رۆژی 10-07-2023 گوتی، "پەیمان گەڵوانی بە تۆمەتی فێڵکردن و خواردنی ماڵی خەڵک گیراوە و لە ناوەندێکی دەرمانیی شاری ورمێدا بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە."
داواکاری گشتیی مهاباد رەتیکردەوە پەیمان گەڵوانی بەهۆی دۆسیەی ئەمنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابێت و گوتیشی، "ئەشکەنجەدانی گەڵوانی دوورە لە راستییەوە."
خزمەکەی پەیمان گەڵوانی بە رووداوی گوت، پەیمان بەبێ بەڵگەی دادوەر دەستبەسەر کرا و تەنیا هۆکاری دەستبەسەرکردنیشی ئەندامبوونی بووە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا، چونکە سێ ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی سێ مانگ پێشمەرگەی ئەو حیزبە بووە.
پەیمان گەڵوانی دووەمین بەندکراوی کوردە لە گرتووخانەی ئیتڵاعاتی ورمێ گیان لەدەستدەدات. پێش دوو رۆژ، بنەماڵەی هاونیشتمانییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی موسا ئیسماعیلی لەلایەن ئیتڵاعاتی ورمێوە ئاگادارکرایەوە کە کوڕەکەیان گیانی لەدەستداوە. بنەماڵەی موسا ئیسماعیلی دەڵێن، لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.
موسا ئیسماعیلی، تەمەن 32 ساڵ، دوو منداڵی هەیە و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەستبەسەر کرابوو.




