رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران ئاشکرای دەکات، سێ مانگی داهاتوو بۆ گوندەکانی سنوورەکە سەخت دەبن و بۆیان دەردەکەوێت ئایا کێشەی وشکەساڵییان هەیە یان نا، لە ئێستاوە نزیکەی 60 گوند بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت". دەشڵێت: "لە سەنتەری سۆران گرفتی کەمئاوی هەیە و پڕۆژەکە کۆنە و پێویستی بە فراوانکردن هەیە".
سێ ساڵی رابردوو لە زۆربەی گوندەکانی سۆران، بە تانکەر ئاوی خواردنەوە دابیندەکرا، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا گوندەکانی سنوورەکە رووبەڕووی کەمئاوی دەبنەوە، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران پێیوایە "وشکەساڵی و نەبوونی پڕۆژەی پێویست، هۆکاری کەمئاوین"؛ ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ ئاشکرایکرد: "ئێستا لە کۆی 800 گوندی سۆران، 50 تاوەکو 60 گوند بە تانکەر ئاویان بۆ دابیندەکرێت".
سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی زۆربەی گوندەکانی سۆران، کانیاوەکانن، بەڵام وشکەساڵی لە ساڵانی رابردوو وایکرد زۆربەی کانیاوەکان وشک ببن، یان کەمببنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سۆران گوتی: "ئەم ساڵ بەفر و بارانێکی زۆر باریوە، بەڵام سێ مانگی سەختمان لەبەردەمدان و بۆمان دەردەکەوێت ئاخۆ گوندەکان وشکەساڵییان تێپەڕاندووە یان نا". دڵنیاییش دەداتە گوندنشینان "ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی کەمبوون و وشکبوونی کانیاوەکان، بە تانکەر ئاویان بۆ دابین بکەین".
گوندی سیتکان، سەربە ناحیەی دیانا، ساڵی رابردوو کانیاوەکانی وشکبوون و کێشەی گەورەی کەمئاویی هەبوو؛ بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بە رووداوی گوت: "سیتکان لە خراپترین دۆخدایە لە رووی ئاوەوە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، بەڵێن دراوە لەسەر بودجەی وەبەرهێنان ئەم ساڵ لە ئیدارەی سۆران پارەیەک بۆ دابینکردنی ئاو بۆ گوندەکە تەرخان بکرێت، بەو پارەیە بیریان بۆ لێدەدەین، ئەوەش تاکە چارەسەرە، چونکە گوندەکە لە هەموو سەرچاوەکانی ئاو دوورە".
سەرووچاوەی دیانا، یەکێک لە پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ژمارەیەک گەڕەکی سۆران، ساڵی رابردوو بەهۆی وشکەساڵی ئەو سەرچاوەیە وشکبوو، بەڵام بە گوتەی تەحسین سەعدوڵڵا، "سەرچاوەکە بووژاوەتەوە، ئاوێکی باشی تێدایە، 10 بیرمان هەیە پێشتر وەک جێگرەوەی سەرووچاوەی دیانا بەکارماندەهێنا، ئێستا هەر 10 بیرەکە راگیراون و ئاوی سەرووچاوەی دیانا بەکاردێت و دەدرێتە هاونیشتمانییان".
ژمارەی دانیشتووانی قەزای ناوەندی سۆران بە زیاتر لە 205 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، بەشێکی سەنتەری سۆران لە رێگەی پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ، ئاوی خواردنەوەی بۆ دابیندەکرێت کە لە ساڵی 2009ـەوە ئەو پڕۆژەیە خراوەتە کار، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان، شارەکە پێویستی بە ئاوی زیاتر هەیە و بەڕێوەبەری ئاوی سۆرانیش ئاشکرای دەکات "لە سەنتەری سۆران ئێستا کێشەی کەمیی ئاو هەیە، بە هەموو پڕۆژەکانمان توانای بەرهەمهێنانی 2800 تاوەکو سێ هەزار مەتر سێجای ئاو هەیە لە کاژێرێکدا، کەچی سۆران پێویستی بە چوار هەزار مەتر سێجایە، واتە هەزار مەتر سێجا ئاومان کەمە".
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ساڵی رابردوو پڕۆژەیەکیان پێشکێشی لایەنی پەیوەندیدار کردووە، تاوەکو پڕۆژەیەکی دیکەی ئاوی خواردنەوە لەسەر رووباری بەرزێوە بۆ سۆران بهێنرێتەوە بە گوژمەی 150 ملیۆن دۆلار، تەحسین سەعدوڵڵا دەڵێت: "لەسەر بنەمای ئەو پڕۆژەیە سەرقاڵین کۆگایەکی گەورەی ئاو لەسەر گردی باپشتیان دروستبکەین، تاوەکو ئاوی خواردنەوە بۆ سۆران زیاتر بەرهەمبهێنرێت و ئەو کورتهێنانەی لە ئاو هەیە، چارەسەری بکەین". پڕۆژەکە ئەم ساڵ دەستکراوە بە جێبەجێکردنی.
تەحسین سەعدوڵڵا گوتیشی: "ئەم ساڵ رەزامەندیی کۆمەڵێک پرۆژەمان هەیە، بۆ نموونە رەزامەندیی پڕۆژەیەکی ئاومان لە قەزای خەلیفان هەیە کە گەورەترین کێشەی ئاویان هەیە، پڕۆژەیەکیان بە بڕی 4 ملیار و 300 ملیۆن جێبەجێ دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت لەم چەند رۆژە دەست بە پڕۆژەکە بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ