رووداو دیجیتاڵ
هێشتا دوو رۆژ ماوە بۆ یاریی کۆتایی جامی کەنداو لەنێوان دهۆک و قادسیەی کوێتی، بەڵام سەرجەم بلیتی یارییەکە فرۆشراون. هاندەرانی یانەی دهۆک گلەیی لە دەستنەکەوتن و گرانیی نرخی بلیت دەکەن. ئیدارەی یانەکە دەڵێت، یاریگەکە بچووکە و تەنیا شوێنی 23 هەزار هاندەرە، لەکاتێکدا داواکاریی 200 هەزار بلیتیان بۆ هاتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سێ پارکی دهۆک بلیتی یارییەکە فرۆشران. قەرەباڵخییەکی زۆر لە شوێنی بلیتفرۆشتن بینران. بەشێکی هاندەرانی یانەی دهۆک لە رێگەی دوورەوە بۆ کڕینی بلیتی یارییەکە خۆیان گەیاندە دهۆک و بێ دەستکەوتنی بلیت، گەڕانەوە.
عەلی باجلووری، هاندەرێکی یانەی دهۆکە، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "لە کاژێر 11ـی بەیانییەوە چوومە شوێنی فرۆشتنی بلیت و دەستم نەکەوت. هۆکارەکەی ئەوەبوو داواکاریی زۆربوو، قەرەباڵخ بوو، تەنیا 5 کەسیش بلیتیان دەفرۆشت."
وەک عەلی باجلووری باسی دەکات، "یانەی دهۆک بلیتەکەی بە 15 هەزار دینار دەفرۆشت، بەڵام هەندێ کەس بە 15 هەزار دەیانکڕی و دەچوون بە 25 یان 30 هەزار دینار دەیانفرۆشتەوە. تەنانەت پێش هاتنم بۆ بەرنامەی بەرپرسیار تەلفۆنێکم بۆ هات و گوتی، 'بلیتم بە 50 هەزار دینار کڕی'."
ئیدارەی یانەی دهۆک دەڵێن، چارەسەریی ئەو بابەتە تەنیا دروستکردنی یاریگەیەکی گەورەترە بۆ یانەکەیان. ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی یانەی دهۆک، لە بەرپرسیار دڵگرانیی خۆی بۆ دەستنەکەوتنی بلیت لەلایەن هاندەرانەوە دەربڕی.
میلـلەت جەمال گوتی: "دەستکاریکردنی نرخی بلیت لەلایەن بەشێکی هاندەرانەوە دەکرێت. داواکاریی بلیت زۆر لە دەسەڵاتی ئێمە گەورەترە، 23 هەزار کورسیمان هەیە و داواکاریی 200 هەزار بلیتمان بۆ هاتووە. حەزمان دەکرد یاریگەمان گەورەتر بێ و هەموو هاندەران بەیەکەوە لەنێو یاریگە بین، ئێستا کاتی ئەوەیە یاریگەیەکی فراوانتر بۆ یانەی دهۆک دروستبکرێت."
نرخی بلیتەکان بەشێوەی جیاواز فرۆشران، بلیتی چوونەژوورەوەی یاریگەی دهۆک لە دەرگەی ژمارە دوو تاوەکو 9 بە 15 هەزار دینار لەلایەن کارگێڕیی یانەی دهۆکەوە فرۆشران. لە دەرگەی ژمارە یەک و 10 بە نرخی 100 هەزار دینار فرۆشران. بەشێکی هاندەرانی یانەی دهۆک لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، چوونە شوێنی بلیتفرۆشتن، بەڵام دەستیان نەکەوت.
هاندەرێکی یانەکە، بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداوی گوت: "کاژێر 7ـی بەیانی لە شیلادزێوە هاتینە دهۆک بۆ ئەوەی 6 بلیت بکڕین، میوانێکیشمان هەیە لە ئەڵمانیا هاتووە و ئەویش دەیەوێ بێتە نێو یاریگە، پێش یاریگە زۆر قەرەباڵخە و زۆر بێ سیستمە."
بەشێکی هاندەران دەڵێن، گرانبوونی نرخی بلیتی یاریی کۆتایی لە هەموو یاریگەیەکی جیهان هەیە، بەڵام "گلەییمان لەبێ سیستمی فرۆشتنی بلیتەکە" هەیە.
بلیتفرۆشێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت: "بلیتفرۆشتن لە کۆنترۆڵ دەرچووە، نازانین پارە بە دروستی وەردەگرین یان نا، زۆر قەرەباڵخە، بلیت دەدەینە هەندێ کەس و دەڵێن پارەمان داوە، کەچی پارەیان نەداوە، ئێمە بەو شێوەیە زیان دەکەین و پارەمان کەمی کردووە."
کارگێڕیی یانەی دهۆک بڕیاریداوە بۆ هەر کەسێک کە داوای بلیت دەکات، تەنیا دوو بلیتی پێ بفرۆشرێت، وەک میلـلەت جەمال باسی دەکات، بۆ ئەوەیە تاوەکو کەس نەتوانێ بە نرخی گرانتر بیفرۆشێتەوە و مامەڵەی پێوەبکات.
یاریی کۆتایی جامی کەنداو بڕیاری رۆژی سێشەممە لەنێوان یانەی دهۆک و قادسیەی کوێتی بەڕێوەبچێت. یانەی دهۆک بۆ ئەو هاندەرانەی بلیتی یارییان دەستنەکەوتووە دوو شاشەی گەورە لە پارکەکانی نەورۆز و ئازادی دادەنێن تاوەکو هاندەران لە یەک شوێن و لەگەڵ یەکدی لە تام و چێژ و بینینی یارییەکە بێبەش نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ