بەڕێوەبەری هاتووچۆی راپەڕین: 250 دیناریش کورتهێنانمان نییە نەوەکو 750 ملیۆن دینار

13-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دەنگۆی دیارنەمانی 750 ملیۆن دینار لە هاتووچۆی راپەڕین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە رەتیدەکاتەوە و دەشڵێت: "لێکۆڵینەوە دەکەین".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە "کارمەندێکی هاتووچۆی رانیە لە ئیدارەی راپەڕین 750 ملیۆن دینار دزیوە و هەڵاتووە".
 
عەمید حەسەن بەکر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەکو ئەوەی بڵێن پارە رۆشتبێت و کەسێک پارەی دابێت بە کۆڵیدا و بردبێت وانییە و ناڕاستە، بەڵام ئێمە ساڵانە وردبینیمان لە داهات و خەرجی هەیە، ئێستا کارمەندێکمان لە پێنجشەممەوە دیار نییە و گومانێک لەوەوە دروستبووە".
 
لەبارەی ئەوەی کە لەکاتی وردبینیدا کورتهێنانیان بۆ دروست بووە، حەسەن بەکر گوتی: "نانا.. ئەوە وردبینی دەکرێت و کارمەندەکەش دیارنییە لای خەڵک گومان دروستبووە، نەوەکو 750 ملیۆن دینار، ئاگامان لێ نییە و نە دەشزانین 250 دیناریش بردرابێت".
 
عەمید حەسەن بەکر گوتی: "ئێمە داهاتی مانگانەی خۆمان 350 ملیۆن دینارە و دەبێت هەفتانەش ببرێتە بانکە، ئەوە چۆن 750 ملیار دینار دیار نەبێت. رەنگە لە وردبینی ساڵانەدا کەموکورتییەک دەرکەوێت، بەڵام بەخوا تاوەکو ئێستا هیچ دەرنەکەوتووە".
 
رووداو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین قسەی کرد، ئەوانیش بێ ئاگاییان لە بردنی 750 ملیۆن دینار خستەڕوو.
 
هەر ئەمڕۆ عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێکۆڵینەوە دەکەین و وردبینی دەکەین، ئەگەر زانیمان پارە نەماوە ئەوکاتە بڵاوی دەکەینەوە. تاوەکو دڵنیا نەبینیەوە ناتوانین بڵێین پارە دزراوە. دڵنیا نین لە کارەکە و بردنی بڕێک پارە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە