رووداو - هەولێر
حکومەتی عێراق رەزامەندی دا گەشتەکانی عومرەکاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامبدرێن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد: "سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رەزامەندی دا فڕۆکەکانی گواستنەوەی عومرەکاران لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی بفڕن و بنیشنەوە".
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق گوتیشی "ئەو رێگەپێدانە مەرجدارە بەوەی بەردەوام لە ژمارەی گەشتەکانمان ئاگادار بکەنەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە سێ مانگە وەرزی عومرە دەستیپێکردووە، ساڵانى رابردوو لەم کاتانەدا فڕۆکەخانەکانى کوردستان جمەیان دەهات و لە2017ـدا 17هەزار کەس لە کوردستانەوە گەشتی عومرەیان کرد، بەڵام ئەمساڵ تائێستا هیچ کەسێک لە کوردستانەوە عومرەى نەکردووە.

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار




