ناوچەیەکی جۆلەمێرگ 2 بۆ 3 مەتر بەفری تێدا دەبارێت و بووەتە ناوەندێکی وەرزشە زستانییەکان

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەختیار قادر
بەختیار قادر
ناوچەیەکی جۆلەمێرگی باکوری کوردستان. وێنە: رووداو
ناوچەیەکی جۆلەمێرگی باکوری کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - جۆلەمێرگ

ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار گەشتیار لە سنووری جۆلەمێرگ هاتووچۆ دەکەن، کە پردێکی گرنگی نێوان باشوور و باکووری کوردستانە. لێرەوە سرووشت خۆی دەگۆڕێت؛ بۆ هەر 100 مەتر بەرزبوونەوە لە ئاستی رووی دەریا، پلەی گەرما نزیکەی 0.6 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
 
جۆلەمێرگ، کە لە بەرزایی 2000 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە هەڵکەوتووە، یەکێکە لە بەرزترین شارەکانی باکووری کوردستان. دانیشتووانەکەی نزیکەی 150 هەزار کەسە، زستان ماوەی 5 مانگ درێژە دەکێشێت. پلەی گەرما زۆرجار دەگاتە 15 پلەی ژێر سفری سیلیزی، بەڵام هۆتێلەکانیان گەرم و خۆش و هەرزانە.
 
رەسووڵ ئارتوون جا، خاوەن هۆتێلی گەشتیاری دەڵێت، "گەشتیارانمان لە هاویندا زۆر زیاترن تاوەکو زستان، لە کاتێکدا لە زستاندا بەفری زۆر لێرە دەبارێت و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە. نرخی هۆتێلەکانیش لێرە گونجاون."
 
ناوچەی گەشتیاریی مێرگا بۆتان دوو بۆ سێ مەتر بەفری لێ دەبارێت، بنەمای بەهێزی سرووشتی و وەبەرهێنان تێیدا بووەتە ناوەندێکی گرنگی وەرزشە زستانییەکان.
 
حاجی تانسوو، بەڕێوەبەری یاریی سکی دەڵێت، "زۆر حەز دەکەین لەمەودوا گەشتیاری هەولێر، سلێمانی و دهۆکمان بۆ بێت و ببینن لێرە سرووشت، ژینگە و گەشتی زستانە چ تام و چێژێکی هەیە، لێرە لە هەموو وڵاتان گەشتیارمان بۆ دێت، بەزۆری گەشتیاری ئەورووپا، بەڵام حەزمان دەکرد زۆرترین گەشتیارمان کورد بن."
 
جۆلەمێرگ لە زستاندا مۆزەخانەیەکی زیندووی سرووشت و کولتوورە؛ شوێنێک کە تێیدا نەریتی کوردەواری، سرووشتی بەفرین، و خزمەتگوزاریی مۆدێرن یەکدی تەواو دەکەن. ساڵانە زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار رووی تێدەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە