رووداو - راپەڕین
رێگەیەکی دیکەی نێوان پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین داخرا. بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری و خراپیی رێگەکەیان، گوندنشینانی بەری مەرگەی سەر بە قەزای دووکان، لە شارۆچکەی بنگرد رێگەکەیان داخستووە.
شوان ئیسماعیل، دانیشتووی بنگرد دەڵێت، "لە 24 کاژێردا 5 بۆ 6 کاژێر کارەبامان هەیە، هەرچی خەدەماتە نیمانە."
بەهۆی داخستنی رێگەکەوە، قوتابیانی ئەو گوندانەش کە بۆ خوێندن دەچنە شارۆچکەی بنگرد، دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، بەشێکیان بە پیادە دەگەڕێنەوە.
دیلان عەبدولڕەحمان، قوتابی دەڵێت، "سەرەتا کە هاتین، رێگە نەگیرابوو؛ بۆ رۆژانی داهاتوو ئەگەر رێگەکە بە داخراوی بمێنێتەوە، ناچارین بە پێ بڕۆین، چونکە ئێمە خۆمان نزیکی نیو کاژێر پێش تاقیکردنەوەکە دێین و ئەگەر لێرەوە رێگە بگیرێت دوادەکەوین.
لە کۆی پێنج رێگەی سەرەکی لەنێوان هەولێر، سلێمانی و راپەڕین، ئێستا تەنیا دوو رێگە کراوەن. لە شارۆچکەی خدرانیش، رێگەکە بەڕووی بارهەڵگردا داخراوە.
سەرەتای ناڕەزایەتییەکان لە شاڕێی نێوان سلێمانی و هەولێر لە دۆڵی خەلەکان دەستیپێکرد، ماوەی 7 رۆژە بەهۆی کەمیی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی و تەواونەکردنی جووتسایدی دووکان - خەلەکان، خەڵکی ناوچەکە رێگەکەیان داخستووە.
چواس سدیق، دانیشتووی خەلەکان دەڵێت، "ماڵم لە خەلەکانە، خێزانم نەشتەرگەری کراوە لە رانیە و ئێوارە هاتووم بۆلای، ئێستا چوومەتەوە بۆ کانی وەتمان، رێگەم نادەن بڕۆم، ژن و منداڵم پێیە و نەشتەرگەری کراوە، هاتوومەتەوە ئێرە رێگەم ناکەن، نازانم بچمە کوێ و بە کوێدا بڕۆم، خۆ من کۆپتەرم پێ نییە."
بەهۆی داخستنی رێگەکان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە هەولێرەوە بۆ پارێزگای سلێمانی لە رێگەی پارێزگای کەرکووک و شاری کۆیەوە کراوەیە، ئەو دوو رێگەیەی بەر لە ناڕەزایەتییەکانیش بێبەش نەبوون لە رووداوی هاتووچۆ. لە دوایین رووداوی هاتووچۆدا، رۆژی دووشەممە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە دوو کەس لەسەر رێگەی کۆیە گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ