رووداو – هەولێر
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان قەزاکانی کۆیە و دووکان، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە پێکدادان بووە و نزیک کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە نزیک گوندی داوداوە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتەدا روویداوە.
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە رووداوەکەدا ئافرەتێک و پیاوێک گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون".
بە گوتەی هاوکار عەلی، بریندارەکان لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکدان و یەکێکیان برینەکانی سەختە و دوانەکەی دیکە تەندروستییان باشە.
هەر پێنج قوربانییەکە خەڵکی سنووری قەزای کۆیەن. گوتەبێژی تەندروستیی قەزاکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دوو کەسەی گیانیان لە دەستداوە هەر یەکەیان لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون.
ئەو رێگەیەی رووداوەکە تێیدا روویداوە و هەردوو قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر و دووکان لە پارێزگای سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە و یەک سایدە، ناوبەناو هاونیشتمانییانی ناوچەکە ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای دووسایدکردنی دەکەن.
تاوەکو ئەمڕۆ پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی لە ساڵانی 2023 و 2024ـی بڵاو نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ