رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی کەلار بۆ چوار کەس بەرزبووە، کە هەر چواریان منداڵن.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە 12-12-2024) رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید ھەژار لە کەلار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی گیانلەدەستدان لە رووداوەکەی دوێنێ بووە بە چوار کەس، کە سێ یان منداڵی یەک خێزانن و ئەوەی دیکەش منداڵی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیە."
رووداوەکە لەسەر رێگەی کەلار - باوەنوور روویدا، دوای ئەوەی شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە ستوونێکی کارەبادا کێشابوو.
9 کەس لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، جگە لە گیانلەدەستدانی چوار منداڵەکە، پێنجەکەی دیکەش بریندارن. رزگار لەتیف دەڵێت "دایکی سێ منداڵەکە شەوی رابردوو نەشتەرگەریی بۆ کرا و گەڕایەوە ماڵ، تەندروستیی باشە."
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە کەلار گوتی ئەوانەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، منداڵەکانی دوو خوشک بوون، ئەوانەش کە گیانیان لەدەستداوە سیانیان خوشکن و ئەوەی دیکەشیان، پوورزایانە.
تاوەکو ئەمڕۆ؛ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە.
بەڵام بەگوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ