رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، لە دوو مانگی کۆتایی ئەم ساڵدا 150 کەس بەهۆی تاوانی ژینگەیی سزادراون.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2024، فوئاد ئەحمەد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "ئەم چەند مانگە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی فراوان روو لە بڕینی دار دەکەن، بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرماوە، بۆیە ئێمە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ پاراستنی ژینگە و دارستانەکان."
بە گوتەی فوئاد ئەحمەد زراری تەنیا لە دوو مانگی رابردوودا 372 دار بڕاونەتەوە.
بەشێک لەو دارانەی دەبڕدرێنەوە دەکرێنە خەڵووز. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بەسەر 1125 فەردە رەژوو(خەڵووز)، 5 ماتۆڕی داربڕین، 3 تەور و داس و 6 مشاری داربڕیندا گرتووە.
سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی داریان بڕیوەتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەهۆی سەرپێچی ئەو دوو مانگە بۆ سەر ژینگە و دارستانەکان 150 تاوانبار دەستگیرکراون و سزادراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە."
فوئاد ئەحمەد گوتیشی، "کۆی گشتیی ئەو پێبژاردنەی لەو دوو مانگەدا لە سەرپێچیکاران وەرگیراوە، گەیشتووەتە 950 هەزار دینار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ