کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاهەنگەکانی سەری ساڵ هەڵدەوەشێننەوە

12-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کریستیانەکانی عێراق بڕیاریانداوە بۆ ئەم ساڵ جگە لە قوداس و رێوڕەسمەکانی تایبەت بە لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، هیچ ئاهەنگێکی دیکە نەکەن.
 
ئەمینداری مەترانییەی سریانی کاسۆلیک لە مووسڵ دەڵێت، "هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکان بۆ هاوخەمییە لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە و شەڕی غەززە".
 
رۆژی سێشەممە 12-12-2023، رۆنی مۆمیکا، ئەمینداری مەترانییەی مووسڵی سریانی کاسۆلیک، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەنیسەکانی عێراق بڕیاریانداوە جگە لە قوداس و رێوڕەسمە ئایینییەکانی تایبەت بە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، سەرجەم ئاهەنگەکانی تایبەت بەو بۆنە و سەری ساڵی نوێی زایین رەتبکرێتەوە، ئەوەش وەکو هاوسۆزی و هاوخەمییەک بۆ قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەم ساڵی قەزای حەمدانیە و قوربانیانی شەڕی غەززە کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بوونە قوربانی".
 
شەوی 26ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، لە کاتی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری، ئاگر لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە کەوتەوە و لە ئەنجامدا 132 کەس گیانیان لەدەستدا و 175 کەسیش بریندار بوون، کە 23 لە بریندارەکان بۆ چارەسەر نێردراونەتە تورکیا.
 
رۆژی 1ـی تشرینى یەکەمى 2023 لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکراکرد، کە گوایە ئاگرەکە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە کەوتووەتەوە و لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کردووە لەنێویاندا قایمقامی حەمدانیە هەیە.
 
ژمارەی دانیشتووانی حەمدانیە نزیکەی 120 هەزار کەسە و زۆربەیان کریستیانن. لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە