رووداو دیجیتاڵ
چەکدارێک لە دهۆک هێرش دەکاتە سەر بنکەیەکی ئاسایشی شارەکە و بەهۆیەوە کارمەندێکی ئاسایشی شەهید و کارمەندێکی دیکەش بریندار دەبێت. پەیامنێری رووداو دەڵێت: هێرشکارەکەش دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 12-12-2022 روویداوە و دوای رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هێرشکارەکە کوژراوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت: هێرشکارەکە کورد نییە.
ئەو کارمەندەی شەهید بووە ناوی (ئازاد ئیبراهیم)ـە و تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی گوندی بێسفکێ یە لە سنووری پارێزگای دهۆک. بریندارەکەش ناوی زیندان مزوورییە و نەشتەرگەری بۆ کراوە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە.

ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی، لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەستیپێکراوە بۆئەوەی وردەکاری زیاتر لەبارەی رووداوەکە بزانرێت و گوتیشی، دۆخەکە بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتن لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند "کەسێک کە خەڵکی دەرەوەی سنووری پارێزگای دهۆکە تەقەی لە بنکەی ئاسایش کردووە دووکەس برینداربوون، یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بووە و ئەوەی دیکەش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت."
.png)
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، هێرشکارەکە کورد نییە، دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کارمەندانی ئاسایش کوژراوە. هێزە ئەمنییەکانیش لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 12-12-2022، ئاسایشی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو کەسەی هێرشی کردووە، "تیرۆریست" بووە.


