رووداو- هەولێر
رۆژنامەی واشنتن پۆست هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ نارینی تەمەن 14 ساڵ ئەنجامداوە، کە کچێکی ئێزدیيەو چیرۆکی بەخشین و هەڵهاتنی لەدەست ئەمیرێکی داعش دەگێڕێتەوە.
نارین چیرۆكەكەی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد ئەو رۆژە ببینم کە داعش دێتەسەرمان، وامدەزانی وەک زۆربەی رۆژەکانی دیکە دەبێت لە تەلعوزێر بین، بەڵام دواتر بەو جلوبەرگانەی خۆمانەوە هەڵهاتین، هەندێ میوەشمان لەگەڵ خۆمان برد، ئامانجی ئێمە گەیشتن بوو بەسەر چیای شنگال وەک زۆربەی خەڵکی دیکە.
ئێمە زۆرمان دەربارەی داعش بیستبوو، ئێمە دەمانزانی ئەگەر ئایینی خۆت نەگۆڕی ئەوە مەرگ چاوەڕێتدەکات، دوای بڕینی کیلۆمەترێک لەناکاو کۆمەڵێک چەکدار بە ئۆتۆمبێلەوە دەوریان گرتین، ئیتر دەستگیریان کردین و بەپێی رەگەز و تەمەن جیاکراینەوە، ژنەکان بەجیاو پیاوەکان بەجیا، دواتر هەرچی زێڕو پارە هەبوو لێیان وەرگرتین، دوای ئەوە ئێمەیان خستە نێو ئۆتۆمبێلەوە و دووریان خستینەوە، ئەوكات ئێمە گوێمان لە دەنگی تەقە بوو، بینیمان پیاوەکانیان لەسێدارەدا، لەنێویاندا برا 19 ساڵانەکەمی تێدابوو کە 6 مانگ بوو ژیانی هاوسەری پێکهێنابوو.
ئێوارەی هەمان رۆژ بەرەو قەزای بەعاجیان بردین و لە قوتابخانەیەکی چۆڵ دانراین، لەوێ ژنە ئێزدییەکانی دیکەمان بینین کە هاوشێوەی ئێمە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون و باوک و براکانیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژرابوون. پاش کەمێک کەسێک هاتەژوورەوە و شایەدوومانی هێنا''اشهد ان لا الە الا اللە و ان محمد رسول اللە''، ئەو داوای لێکردین بە دوای ئەودا بیڵێنەوە، تاوەکو ببینە موسڵمان، بەڵام ئێمە رەتمانکردەوە، چونکە ئەوە سووکایەتییە بە بیروباوەڕەکانی ئێمە.
چەند رۆژێک دواتر گوێزراینەوە بۆ موسڵ بۆ هۆڵێکی گەورە و 20 رۆژ لەوێ ماینەوە، هەندێ لە چەکدارەکان لە تەمەنی من دەبوون، ئێمە لەسەر زەوی دەخەوتین و رۆژانە یەک ژەم خواردنیان پێدەداین، ناوە ناوە کەسێک دەهات و داوای لێدەکردین ببینە موسڵمان و ئایینەکەی خۆمان بگۆڕین.
رۆژێک هاتن و کچ و ژنیان لە یەکدی جیاکردەوە، من شەیما کە هاوڕێی منداڵیمە وەک دیاری بەخشراینە دوو فەرماندەی داعش کە خەڵکی باشوور بوون لە نزیک بەغدا، وەک کەنیزەو ژنی خۆیان، شەیمایان بە ئەبو حوسێن بەخشی کە پیاوێکی ئایینی بوو، منیشیان بە پیاوێکی 50 ساڵە بەخشی کە بە ئەبو ئەحمەد ناسرابوو، ئەوانە بەرپرسیاریتییان هەبوو و دواتر بەرەو فەللوجەیان بردین.
ئەبو ئەحمەد بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە ئایینەکەی خۆم بگۆڕم، چەندینجار هەوڵیدا دەستدرێژی بکاتە سەرم، بەڵام رێگەم پێنەدا و هاوشێوەی هۆڵەکەی موسڵ رۆژانە یەک ژەم خواردنیان پێمان دەدا، دواتر زۆر ئازاریدام و زۆر لێیدام، بۆیە لەگەڵ شەیما بیرمان لە خۆکوشتن کردەوە.
رۆژی شەشەم لە فەللوجە شەیما پەیوەندی بە مەحموودەوە کرد کە کوڕە مامی بوو، ئەو داوای لێکرد هاوکاریمان بکات تاوەکو لەو ناوچەیە دەربازمان بکات، دواتر ئەو شوێنێکی بۆ دەستنیشانکردین، ئێمەش لەڕێگەی چەقۆی ماڵەوە دەرگاکانمان شکاند و عەبامان بەسەر خۆمانداداو تەنیا چاومان بەدەرەوە بوو، دواتر دەرچووین و دوای 15 خولەک مەحموودمان بینی و ئێمەی بردە ماڵەکەی خۆی.
شەوەکەی مەحموود خواردنی پێداین و شوێنی مانەوەی بۆ دابینکردین، دوای ئەوە لەگەڵ شۆفێرێک رێککەوت بۆ ئەوەی رۆژی دواتر بمانباتە بەغدا، ئەگەرچی شۆوفێرەکە گوتویەتی ئەو زۆر لە چەکدارانی داعش دەترسێت، بەڵام ئەو کارەی بۆ خودا کردووە، مەحموود ناسنامەی قوتابی بۆ ساختە کردبووین.
لەهەموو خاڵێکی پشکنین بەرەو بەغدا دەترساین، ئێمە نەماندەزانی ئەوانەی لە بازگەکان داعشن یان سوپای عێراق، دوای گەیشتنمان بە بەغدا لەڕێگەی چەند کەسێکەوە خۆمان گەیاندە ئەو خانەوادە مەسیحییانەی کە لەبەغدان، ئەوانیش چەند ناسنامەیەکی ساختەیان بۆ دروستکردین، تاوەکو بە فڕۆکە گەیشتینەوە هەولێر، ئەو دەمەی فڕۆکەکە لە زەوی فڕۆکەخانەی هەولێر نیشتەوە، ئیتر هەستمان بە دڵنیایی کرد، لەهەولێر چووینە ماڵی ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئێزدییەکان و رۆژی دواتر چووینە شێخان بۆ ماڵی بابە شێخ، رابەری رۆحی ئێزدییەکان.
دوای چەند رۆژێک بە باوکم شادبوومەوە و زۆر بە تووندی باوەشم پێداکرد، دوای ئەوە دایکم لە کۆمەڵگەی پەنابەرانی خانکێ بینیەوە و ئەویش زۆر بۆم بە پەرۆش بوو، دایکم بەدرێژایی مانگێک بۆم گریابوو.
ئەوەی ناتوانم لەبیری بکەم، چارەنووسی براژنەکەمە کە ئێستا لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشە لە موسڵ، ئەو ژنێکی زۆر جوان بوو، هەرگیز ناتوانم ئەو ساتەش لەیادکەم کە براکەمیان کوشت، بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر نەمانتوانیایە لە فەللوجە دەربازبین چارەنووسمان چی دەبوو؟ من نامەوێت چیتر لەم وڵاتە بژیم، چونکە هیچ واتایەکی ژیانی بۆ من تێدانییە، دەمەوێت بڕۆمە شوێنێک سەرلەنوێ دەستپێبکەمەوە، ئەگەر ئەوەش بکرێت.



