رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕانی پاراستنی ژینگە هۆشداری دەدەن کە دەبێت مرۆڤایەتی زیاتر ئاگاداری فڕێدانی زبڵ و خاشاک و پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان بن کە هۆکاری سەرەکییە بۆ پیسبوونی ژینگە، جگە لەوەش دەبێتە خۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
عەبدولموتەڵیب رەفعەت، بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە، بە رووداوی گوت، " دوو جۆر هۆکارمان هەیە بۆ پیسبوونی ژینگە کە ئەویش هۆکاری سروشتییە کە خۆی لە لافاو زریان و کارەساتە سروشتییەکانی دیکەدا خۆی دەبینێتەوە و رەنگە چارەسەر کردنی ئاسان بێت، هۆکارەکەی دیکە، پیسبوونی مرۆییە کە کاریگەری زیاترە لەسەر پیسبوونی ژینگە، چونکە هۆکاری پیسبوونی ژینگە دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤ و کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ."
تاوەکو رێژەی سەوزایی زیاتر بێت و زیاتر پارێزگاری لێبکرێت، ژینگە پاکتر دەبێت، ئەگەر تەماشای رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بکەین، کە بەگوێرەی رووپێوییەک کە 2015 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراوە، 35 هەزار و 490 دۆنم دارستانی دەستکرد و دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم دارستانی سرووشتیمان هەیە.
بەڵام لە بەرامبەردا، زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل و نزیکەی پێنج هەزار و 500 موەلیدە هەن ئەوە جگە لە بەکارنەهێنانی فلتەری دووکەڵ لەلایەن کارگەکان کە ئەمانەش هۆکاری پیسبوونی ژینگەن.
هەر بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی جیهان لە مانگی ئابی رابردوو، بەرپرسانی 185 وڵات، پلانێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پەسند کرد و بەگوێرەی ئەو پلانە دەبێت تاوەکو ساڵی 2030، وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان ساڵانە 200 ملیار دۆلار بۆ پاراستنی ژینگە دابین بکەن، ئەوە لە کاتێکدایە لە 30 ساڵی رابردوودا رێکخراوی یوئێن، 23 ملیار دۆلاری بۆ پاراستنی ژینگە دابین کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ