محەممەد بێکەس؛ 40 ساڵە بێ کەسوکار و ناسنامەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
محەممەد بێکەس
محەممەد بێکەس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
محەممەد بێکەس، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکی کەسی نییە. لە دادگەی بەرایی پشدەر داواکاریی خۆتۆمارکردنی پێشکێشکردووە و بەهۆی "کەمدەرامەتی"ـیەوە بەدواداچوونی بۆ کەیسەکەی نەکردووە. رەگەزنامە و شارستانیی سلێمانی دەڵێت: "هاوکاریی یاسایی پێشکێشی محەممەد دەکەین".
 
محەممەد بێکەس، کە تەمەنی لە 40 ساڵ زیاترە لە گەڕەکی حەسارۆکی هەولێر نیشتەجێیە. بارهەڵگرێکی لە جۆری "کیا-کرێ" هەیە و کاری پێدەکات. لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "لە منداڵییەوە کاری شوانیم کردووە لە گوندەکانی بەستێ، هیزۆب، سەرخان و گوندەکانی بناری قەندیل".
 
بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی کەسییەوە، محەممەد تووشی چەندین کێشە بووە، وەک باسیدەکات،"لە بازگەکان ناهێڵن تێپەڕبم. کارم پێنادرێ. مۆڵەتی شۆفێریم نییە. ناتوانین منداڵ بخەینەوە. کەمدەرامەتم و ناتوانم بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەم لە دادگە بکەم".
 
لە ساڵی 2000 تاوەکو 2005 محەممەد لە ماڵی حاجی سادر محەممەد لە گوندی سەرخان شوان بووە و دواتر چووەتە لای چەند ماڵباتێکی دیکە بۆ کاری شوانی. سادر محەممەد، لە بەرپرسیار، گوتی: "کاتێک محەممەد هاتە لام تەمەنی 12 ساڵ بوو. لە هەرێمی کوردستان و ئێران پرسیاری کەسوکاریم کرد، نەمدۆزییەوە. شایەتی ئەوە دەدەم 25 ساڵە دەیناسم و کەسوکاری نادیارن".
 
محەممەد هەشت ساڵە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچێکی خەڵکی هەولێر پێکهێناوە، بەڵام گرێبەستی هاوژینی نییە. هاوژینی محەممەد، لە بەرپرسیار، گوتی: "بەهۆی بێ ناسنامەییەوە لە بازگەکان رێگری دەکەن. دۆخمان خراپە و کەس کاری پێنادەن. کرێچین و منیش نەخۆشم".
 
بەپێی یاسای ژمارە 3-ـی ساڵی 2016 یاسای کارتی نیشتمانیی عێراقی لە مادەی 20 رێکارەکانی دەستنیشانکردووە بۆ ئەو کەسانەی کە رەچەڵەکیان نادیارە یان لە پرۆسەیەکی ناشەرعی لەدایک بووبن یان باوک و دایکیان ونن.
 
دانا ئیبراهیم، سەرۆکی ژووری پارێزەرانی پشدەر، لە بەرپرسیار گوتی: "بەپێی مادە 20ی یاسای کارتی نیشتمانی مەرجە ئەو کەسە لە سەرژمێری ساڵی 1957 تۆمارنەکرابێت، دەتوانێ لە دادگە داوای تۆمارکردن بکات، بە مەرجێک پێشتر بەڵگەنامەی لەدایکبوونی تۆمارنەکرابێت، دوای سەلماندنی بەڵگەکان، دادگە بڕیار دەدات بە تۆمارکردنی محەممەد لە تۆمارەکانی باری شارستانیی عێراقی".
 
محەممەد بێکەس لە دادگەی بەرایی پشدەر دۆسیەی بۆ کراوەتەوە و بڕیاری دادگە دەرنەچووە. عەقیدی مافپەروەر محەممەد حەسەن، نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و شارستانییی سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "دۆخێکی تایبەتە و کۆمەڵێک رێکاری تایبەت بەخۆی هەیە. پێویستە محەممەد سەردانی دادگە بکات و بەدواداچوونی بۆ بکات. ئێمەش هاوکاریی یاسایی پێشکێش دەکەین".
 
پێشووتر محەممەد بێکەس لە 11-12-2016 لە ڤیتییەکی تۆڕی میدیایی رووداو، دۆخی پێشاندرا. دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵ، محەممەد دەڵێت: "ئەوەی گۆڕدرا لەو ماوەیە تەنیا ژنم هێنا و هاتمە هەولێر".
 
سەرچاوەیەک لە دادگەی بەرایی پشدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 2021 داوای پشتگیریی شوێنی نیشتەجێبوونمان لە محەممەد کرد، خۆی کەمتەرخەم بووە و نەهاتووە. کەیسەکە بەپێی مادەی 20ـی یاسای کارتی نیشتمانی بە نهێنی بەڕێوەدەچێت و رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە، تەنیا پێویستە محەممەد بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی بکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە