رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، لەم رۆژانەی دواییدا سوپای تورکیا هیچ هێرشێکی لەنێو باشووری کوردستان نەکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژی 15-8-2024 شاندی ئەمنیی هاوبەشی عێراق و تورکیا لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 12-7-2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتن کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رێکخست و دواتریش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پێکدادانەکانی ئەم رۆژانەی دوایی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە سنووری قەزاکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک هەیە، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "ئەو زانیارییانەی بە من گەیشتوون باس لەوە دەکەن کە لایەنی تورکیا هیچ هێرشێکی لەنێو خاکی عێراق نەکردووە. جموجووڵی سەربازی لێرە و لەوێ هەیە. ئێوەش دەزانن بەشێک لەو هێزە سەربازییەی تورکیا کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە لە ساڵی 1991ەوە لەوێیە".
لیژنەیەکی باڵای سیاسی و ئەمنی لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەو بابەتە سیاسی و ئەمنییانەی پەیوەندییان بە دۆخی هەردوو وڵاتەوە هەیە.
فوئاد حوسێن لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، دیدار و کۆبوونەوەی بەردەوامیان لەگەڵ لایەنی تورکیادا هەیە و تەنانەت لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا بۆ واشنتن لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد، رۆژی 15-8-2024 شاندی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی خۆی دەچێتە ئەنقەرە و لەگەڵ لایەنی تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان کۆدەبێتەوە.
چەند هەفتەیەکە پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی و قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک زیاتر بوون.
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوێک بۆ رووداو، لە 27 رۆژدا سوپاى تورکیا 285 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمى کوردستانى کردووە، هەروەها بە هۆى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە لە سنوورى دهۆک 184 خێزان ئاوارە بوون، 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئامارى رێکخراوەکەیان لە 15ى حوزەیرانەوە تورکیا 285 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمى کوردستانى کردووە و زۆربەى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بووە.
کامەران عوسمان ئاماژەى بەوەدا 8 گوند لە سنوورى قەزاى ئامێدى سەر بە پارێزگاى دهۆک بە تەواوى چۆڵ بوون و 602 گوندیش مەترسى چۆڵبوونیان لەسەرە.
بەگوێرەى ئامارەکە ،لەو ماوەیەدا نزیکەى 182 خێزان لە سنوورى دهۆک ئاوارە بوون. کامەران عوسمان دەڵێت: "زۆرینەیان لە سنوورى گوندى نیسکە بوون و سەرجەم دانیشتووانەکەى چۆڵیان کردووە کە 26 خێزان بوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ