رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند کاژێرێک لە رووداوێکی تەقەکردن لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، ئەو هاونیشتمانییە دەستگیرکرا کە هەڕەمەکی تەقەی کرد و پێنج کەسی بریندار کرد.
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئەمشەو (12-6-2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە سەنتەری دهۆک تۆمەتبارێک تەقەی هەڕەمەکی کردووە، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی و دوو پۆلیسی بریندار کردووە."
لەبارەی دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارەکە، هێمن سلێمان رایگەیاند "لە ماوەیەکی کورتدا ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی پۆلیس توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن."
کەسوکاری تۆمەتبارەکە بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە پۆلیسیان گوتووە "نەخۆشیی دەروونی هەیە"، بەڵام دەڵێت، "دەبێت نەخۆشییەکەی بە راپۆرتی پزیشکی پشتڕاست بکرێتەوە و دەمەوێت بە ئێوەش بڵێم، ئەگەر نەخۆشیی دەروونیشی هەبێت، رێگر نابێت لە سزادانی."
تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرە.
پۆلیس هەروەها جەختی کردەوە لەوەی، ئەو تۆمەتبارە خەڵکی پارێزگای دهۆکە و دانیشتووی ناوەندی دهۆکیشە.
سەبارەت بە چەکەکەی تەقەی پێ لە هاوڵڵاتییان کرد، هێمن سلێمان رایگەیاند "دیار نییە ئەو چەکە هی خۆیەتی یان هی کەسێکە بردوویەتی."
سەرەتا وا بڵاوکرایەوە دوو پۆلیس و دوو هاووڵاتی بەهۆی تەقەکانەوە بریندار بوون، بەڵام پۆلیسی دهۆک رایگەیاند ژمارەی بریندارەکان پێنج کەس بووە. هونەر رەشید پەیامنێری رووداو لە دهۆک لەمبارەیەوە گوتی "کەسی پێنجەم کە پۆلیسی دهۆک باسی کرد، ساچمە بە دەستی کەوتووە و برینەکەی سووکە، بۆیە لە نەخۆشخانە تۆمار نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ