رووداو دیجیتاڵ
سبەی پێنجشەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە. هەر سبەی وادەی تۆمارکردن بۆ هاوپەیمانێتی، پارت و بەربژێران کۆتایی پێدێت.
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کردنەوەی دەرگەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتى، پارت، بەربژێرانى سەربەخۆ و کۆتاکان کە لە رۆژی 8 تاوەکو 13ى حوزەیران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کرایەوە، ژمارەیەک پارت و لیست و بەربژێری تاکەکەس خۆیان تۆمارکرد، کۆتایی دەوامی فەرمیی رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024، ئەو وادەیە کۆتایی پێدێت و دواتر ئاماری نوێ رادەگەیێنن.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، بۆ بڕیاردان لەبارەی وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێران، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە."
دوو هەفتە لەبەردەم پارتەکان دەبێت بۆ رادەستکردنی ناوی بەربژێرەکانیان بە کۆمیسیۆن. عیماد جەمیل گوتی: "دوو پێشنیاز هەیە یەکێکیان ئەوەیە کاتی پێشکەشکردنە لە سبەی پێنجشەممەوە تاوەکو رۆژی 28ـی ئەم مانگە بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کاتە دەکەوێتە نێو جەژنی قوربانەوە و پشووە و دەوام ناکرێت، کەمێک زەحمەتە، وادەی دیکە ئەوەیە وەرگرتنی لیستی بەربژێرەکان بخرێتە دوای جەژنی قوربانەوە، بۆیە سبەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو دوو پێشنیازەوە دەدرێت."
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن ئەوەشی ئاشکراکرد، لە دوای وەرگرتنی لیستی بەربژێران تیروپشک دەکرێت، بەڵام لیست و بەربژێرانی پێشتر کە بۆیان کراوە، ناگرێتەوە. ئەوانەی پێشتر ژمارەیان لە تیرۆپشک پێدرابوو، ناخرێنەوە نێو تیروپشک و تەنیا لایەنە نوێیەکان و بەربژێرە تازەکان بۆیان دەکرێت.
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت بەوەش ژمارەى کورسى گشتى لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە، بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 95 کورسیی گشتی و 5 کورسیی پێکهاتەکان هەیە.
هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی 10ـی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام نەکرا، ئێستا بۆ وادەی نوێ کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ