رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەیاندا، باڵیۆزەکە رایگەیاندووە، شاندێکی کۆمپانیا فەرەنسییەکان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا خواست و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشتربردنی پەپوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، شاندێکی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بە مەبەستی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و وەبەرهێنان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست "لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکردووە، "جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا و بە بەشداری هەموو لایەن و پێکهاتەکان کرایەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و متمانەپێکراو ئەنجام بدرێت".
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و باڵیۆزی نوێی فەرەنسا بەدەر نەبووە لە تاوتوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، "چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو".


