رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، لەسەر کوژرانی ئەو گەنجەی لە گەڕەکی دابانی حاجیاوا کوژرا کەسێکمان دەستگیرکردووە. هەروەها "خەسوویشی لە رووداوەکە تێوەگلاوە و بە بڕیاری دادگە راگیراوە."
شەوی چوارشەممە 21-04-2021 لە گەڕەکی دابانی ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە گەنجێکی تەمەن 33 ساڵی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرهەنگ لەبەردەم ماڵەکەی خۆی کوژرا، پۆلیسی حاجیاوا و ماکۆک لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کرد و بە سوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (س.ا.ا) دەستگیربکرێت کە خزمی گەنجەکەیە."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە "پێش رووداوی کوشتنەکە تۆمەتبارەکە بەرنامەی بۆ سەرهەنگ داناوە و 11 خولەک پێش رووداوەکە بە ئۆتۆمبێلکێک چاوەڕێی سەرهەنگی کردووە و دواتر گوللەی لێداوە و کوشتوویەتی."
ئەو تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە. شۆڕش ئیسماعیل دەشڵێت "جگە لەو کەسەی کە تۆمەتبارە بە کوشتنی گەنجەکە، خەسووی سەرهەنگ لە رووداوەکە تێوەگلاوە و ئەویش بە بڕیاری دادگە راگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەسەر رووداوەکە بەردەوامە."
لە سنووری قەزای رانیە و لە ماوەی مانگی رەمەزاندا سێ رووداوی کوشتن هەبوون، دوو کەس لە چوارقوڕنە کوژران و ئەوەی دیکەش گەنجێک بوو لە حاجیاوا کوژرا کە ناوی سەرھەنگ خاڵند بوو کە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵ بوو.

.png&w=3840&q=75)
