رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا ئاوێکی زۆرمان لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کۆگە کردووە و لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلی دیکەی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئاوەکە زیاتریش دەبێت."
رۆژی دووشەممە، 12-02-2024، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا لە سێ بەنداوە گەورەکە (دووکان، دەربەندیخان و دهۆک)، سێ ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی کۆگەکراومان هەیە، لەکاتێکدا هێشتا وەرزی بارانبارین زۆری ماوە و پێشبینی دەکەین زیاتریش بێت."
لە هەرێمی کوردستاندا، سێ بەنداوی گەورە و 20 بەنداوی بچووک و چەندین گۆم (پۆند) هەن، ئێستا لە بەنداوی دووکان دوو ملیار مەتر سێجا ئاو کۆگە کراوە، لە بەنداوی دەربەندیخان یەک ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا و لە بەنداوی دهۆک 28 ملیۆن مەتر سێجا. رەحمان خانی گوتی، "20 بەنداوە بچووکەکان، زیاتر لە 85 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "تاوەکو دوای وەرزی بارانبارین، نازانین چەند ئاوی کۆگەکراومان دەبێت، بەڵام ئەستەمە بەنداوەکان پڕبن، چونکە لە ئێران بەنداوی زۆریان لەسەر دروستکراوە و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتی دووکان، زۆر ئەستەمە پڕ ببێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ