کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان: زیاتر لە 30 هەزار ئاوارە لە سنوورەکەمان ماون

11-12-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان رایدەگەینێت، حکومەتی عێراق مامەڵەیەکی سیاسییانە لەگەڵ پرسی ئاوارەکاندا دەکات و هێشتا زیاتر لە 30 هەزار ئاوارەی نێوخۆیی لەسنووری ئیدارەی گەرمیاندا هەن کە لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن، دەشڵێت، "زیاتر لە شەش ملیار دینار کریێ قەرزی کارەبا و ئاو و زەوی کەمپەکان لای حکومەتی عێراقە."
 
بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئێستا تەنیا یەک کەمپی ئاوارەکان [کەمپی تازەدێ] لەسنووری ئیدارەی گەرمیان ماوە، 125 خێزانی ئاوارەی نێوخۆیی عێراقی تێدا نیشتەجێن.
 
کۆتایی مانگی 11ی 2023، کامپی ئاوارەکانی قۆرەتوو لەسنووری ئیدارەی گەرمیان بەشێوەیەکی فەرمی چۆڵکراو داخرا.
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان دەڵێت، ئێمە لە 27ی مانگی 11ی 2023، بەشێوەیەکی فەرمی لەگەڵ ئاژانسی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR و وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق و کۆچ وکۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی سلێمانی داخستنی کەمپەکان راگەیاند.
 
گوتیشی، کامپەکە زیاتر لە ساڵێک بوو تەنیا 60 خێزانی تێدامابوو، هەموو رێکخراوە مرۆییەکانیش کارەکانیان لە کامپەکە راگرتوو، بەشێک لە دانیشتوانەکەی کە خەڵکی سنووری پارێزگای دیالە بوون گەڕانەوە پارێزگای دیالە و بەشێکیشیان کە خەڵکی ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابلن، گواسترانەوە کەمپی تازەدێ."
 
بەگوتەی بێستوون ژاڵەیی، لەدوای شەڕی داعش و رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، نزیکەی 100 هەزار ئاوارەی نێوخۆیی هاتوونەتە سنووری ئیدارەی گەرمیان، کە زیاتر لە 90٪یان لە دەرەوەی کەمپەکان بوون.
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان دەڵێت، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئێستا زیاتر لە 30 هەزار ئاوارە لە دەرەوەی کەمپەکان و لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێن کە نزیکەی پێنج هەزار خێزان دەکات.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بێجگە لە ئاوارەی نێوخۆیی عێراق، 500 پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی [نیمچە فەرمی] شێرەوەن لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێن."
 
لەبارەی مامەڵەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ پرسی ئاوارەکان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان دەڵێت، ئێستا زۆرینەی ئاژانس و رێکخراوە مرۆییەکان لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان کشاونەتەوە و زۆرینەی هاوکارییەکان راگیراون، حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەدیاریکراوی مامەڵەی سیاسییانە لەگەڵ پرسی ئاوارەکاندا دەکات کە ئەوە هیچ خزمەتێک بە پرسی ئاوارەکان ناکات و یارمەتیدەر نییە بۆ گەڕانەوەیان.
 
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی گەرمیان دەشڵێت، "حکومەتی عێراق وا بیردەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی ئاوارەکانی کردووەتە کارتی گوشار و بەکاریان دێنێت، لەکاتێکدا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵکو حکومەتی عێراق بە چەندین رێگە گوشاری لە ئاوارەکان کردووە بۆ گەڕانەوەیان، وەکو ئەوەی ئەگەر لەکەمپەکان و کوردستان بمێننەوە فۆرمی خۆراکیان رادەگیرێت، یان ئەوانەی فەرمانبەرن مووچەکانیان رادەگیرێت."
 
بێستوون ژاڵەیی گوتی، "ئێستا هەندێک هاوکاری زۆر ئاسایی لەلایەن UNHCRوە پێشکێش بە ئاوارەکانی کەمپی تازەدێ و پەنابەرانی کەمپی شێرەوەن دەکرێت، ئەگینا زۆرینەی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن حکومەتی خۆجێیەوە دابین دەکرێن."
 
پێشتر بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو رایگەیاند، نزیکەی 200 ملیار دیناری قەرزی کارەبا و کرێی زەویی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک لەلای حکومەتی عێراقە.
 
بێستوون ژاڵەیی دەڵێت، هەموو ئەو ئەرکە داراییانەی دەکەوێتە سەر حکومەتی فیدراڵی عێراق؛ کرێی ئاو، کارەبا و زەویی جووتیاران کە کەمپەکانی لەسەر دروستکراوە، زیاتر لە 6 ملیار دینارە، بە خشتەیەک لە ریگەی ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکانەوە رەوانەی حکومەتی عێراق کراوە.
 
لەبارەی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لە رووی گۆڕانی دیمۆگرافیای دانیشتووان، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ستراتیژی سەیری ئەو پرسە بکات، چونکە ئێستا بەشی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە(گوڵاڵە، سەعدییە، جەبارە، قەرەتەپە) لەبەردەم شەپۆلێکی بەهێزی بەعەرەبکردندان.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە