رووداو دیجیتاڵ
لەكاتی گردبوونەوەی رانیەدا، پێشمەرگەیەك هێرش دەكاتە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەوەش بووە مایەی ناڕەزایی بەشێک لە خەڵك.
كاژێر دووی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 11-12-2020 ژمارەیەك هاونیشتمانی لەنێو پاركی شار لە رانیە گردبوونەوەیەكی هێمنانەیان ئەنجامدا. تیمی تۆڕی میدیایی رووداو كە لەوكاتدا سەرقاڵی وێنەگرتنی گردبوونەوەكە بوون، لەلایەن پێشمەرگەیەكی لیوای بیتوێنی یەكەی 70 بە جلوبەرگی سەربازیی و چەكەوە هێرشیان كرایە سەر، سەرەڕای سووكایەتییەكی زۆر مایكی رووداوی شكاند و لۆگۆی سەر مایكەكەی سووتاند و هەوڵیدا دەست بەسەر كامێرای رووداویشدا بگرێت. ئەو هێرشە بووە مایەی ناڕەزایی خەڵك و پێشمەرگەكەیان لە تیمی رووداو دوورخستەوە.
بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر ئەو هێرشە رایگەیاند: "کاتێک خەریكی وێنەگرتنی گردبوونەوەكەی رانیە بووین، پێشمەرگەیەکی یەكەی 70 کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە هێنرابوون، هێرشیکردە سەرمان و بە لێستاندنی مایک و شکاندنی و سووتاندنی لۆگۆی رووداو هەوڵیدا چەند كەسێك هانبدات هێرش بکەنە سەرمان، بەڵام ژمارەیەک هاونیشتمانی بەرگریان لێکردین و ئەویان لە ئێمە دوورخستەوە".
پەیامنێری رووداو راشیگەیاند؛ لەکاتێکدا ئەو هێزە بۆ پاراستنی ئاسایش هێنرابوون، هیچ رێگرییان لەو پێشمەرگەیە نەکرد، بەڵام هاونیشتمانیان رێگریان لێكرد.




