رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی بەربژێرەکانی پارتەکەی بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە شاری سلێمانی بەشداریی کرد، داوای لە ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتوو کرد بەشدارییەکی کارایان لە هەڵبژاردنەکەدا هەبێت.
رۆژی هەینی 11ی تشرینی یەکەمی 2024 سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە گوتارێکدا لە کاتی بەشداریکردنی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکگرتوو لە سلێمانی رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە گرنگە، کاریگەرە و چارەنووسسازە. ئەم هەڵبژاردنە تا رادەیەکی باش یەکلاییکەرەوە دەبێت."
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی، "ئەم دەسەڵاتە کە دوو هێزی دەسەڵاتن و ئەوانەشی خۆیان پێچاوە بە ئەوانەوە، هاوکارن لە کابینەی حکومەت. لەوانەیە ئێستا و لەم کاتەدا بیر لەوە بکەنەوە خۆیان بکشێننەوە لە حکومەت، یانیش باش بیر بکەنەوە و خۆیان بەری بکەن، بەڵام هاوبەشن لەم شەش ساڵەی رابردوودا."
سەلاحەدین بەهادین ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لەو کارانەی لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستاندا کاری لەسەر دەکەن، پێگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و گوتی، "دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی بێت و ئەم هەڵبژاردنە ئەوە راست دەکاتەوە."
یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 62 بەربژێری هەیە کە زۆرترینیان لە بازنەی پارێزگەی سلێمانین بە 22 بەربژێر و کەمترینیشیان لە بازنەی هەڵەبجەن بە 6 بەربژێر.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو 15ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ