پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە

11-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسێک دەڵێت، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێت لە 17ی ئه‌م مانگه‌وه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارین كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌ریای نێوه‌راستە بگاته‌ هەرێمی کوردستان و لە ناوچە شاخاوییەکانی چەند ناوچەیەکەوە بە بارانی ناوبەناو دەستپێبکات."
 
ئەو کەشناسە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت رۆژی 18ی ئەم مانگە له ‌پێش نیوه‌ڕۆوە تاوەکو ئێوارە "بارانی پچڕ پچڕ و هەورە برووسکە لە دهۆك، زاخۆ، سۆران، ئاكرێ، چۆمان، بارزان، باتیفا، بامەڕنێ و شیلادزێ هەبێت."
 
بە گوتەی محەممەد کەمال، 19ی مانگ لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەگەری بارانێکی مامناوەند هەیە و لە ناوچەکانی دیکە باران نابارێت.
 
بڕیارە 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. محەممەد کەمال دەڵێت، "پێشبینی دەکرێت ئێوارەی 20ی مانگ له‌ سنووری هه‌ولێر، ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك و سلێمانی تاوه‌ بارانی پاییزه‌ ببارێت و بارانبارینەکە تاوەکو شەو بەردەوام دەبێت."
 
رۆژی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەڵەبجە، سەنتەری کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان کەشوهەوا ئاسایی دەبێت. ئەوەش بە گوتەی محەممەد کەمال.
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکرد، 20ـی ئەم مانگە بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما نزیکەی حەوت پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما لە باشووری کوردستان سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 35 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 32 پلەى سیلیزى
دهۆک: 34 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 37 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 34 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 33 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 25 پلەى سیلیزى
سۆران: 32  پلەى سیلیزى
گەرمیان: 37 پلەى سیلیزى
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە