رووداو - هەولێر
بەر لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، تیمەکانی شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوێکی خۆبەخش، هەڵمەتێکیان بۆ پاککردنەوە و شوشتنی تانکیی ئاوی قوتابخانەکان دەستپێکردووە و دەڵێن، "تاوەکو دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، 60 تانکی لە قوتابخانەکانی هەولێر پاک دەکەینەوە."
رۆژی دووشەممە 11-09-2023 شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئاڤیار هەڵمەتێکیان بۆ پاککردنەوەی تانکیی قوتابخانەکان دەستپێکردووە.
عەلی عەباس، بەرپرسی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ناوەندیی هەولێر بە رووداوی گوت، گشتاندنێکیان بۆ سەرجەم قوتابخانەکان کردووە، داوایان لە کارگێڕیی قوتابخانەکان کردووە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بکەن، تانکی و بەڕادی قوتابخانەکان پاک بکەنەوە.
ئاسۆ شکاک، سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیارە کە ماوەی چوار ساڵە خۆبەخشانە بەر لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن کاری پاککردنەوەی تانکیی قوتابخانەکان لە هەولێر دەکات.
ئاسۆ شکاک بە رووداوی گوت، "چوار ساڵ دەبێت، وەکو رێکخراوی ئاڤیار هەڵمەتی پاککردنەوەی تانکیی قوتابخانەکانمان راگەیاندووە، بۆ ئەمساڵیش بڕیارە تانکیی 60 قوتابخانە لەنێو سەنتەری شاری هەولێر پاک بکەینەوە." دەشڵێت، "هەڵمەتەکە لە شارەکانی دیکەش دەستپێدەکەین."
هەڵمەتەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، جگە لە شوشتنی تانکییەکان بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و ژینگەپارێزی هەولێر، رۆژانە 18 قوتابخانە لە رێگەی شەش تیمی جیاواز، پاک دەکەنەوە.
بەپێی ئامارەکان، 405 قوتابخانە لەنێو سەنتەری شاری هەولێر هەن. رێکخستنی باخچەکان و چاندنی نەمام بەشێکی دیکەن لە هەڵمەتەکە؛ بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر لە پلانیدایە نزیکەی 30 هەزار نەمام لە قوتابخانەکان و شەقامەکان بچێنێت.
پەروەردەی ناوەندیی هەولێر داوای لە کارگێڕیی قوتابخانەکان کردووە هەموو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە پرۆسەی خوێندن بگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ