نەبوونی سیستمی پێشکەوتووی گواستنەوە جەنجاڵیی لەنێو شاری هەولێر دروستکردووە

11-09-2023
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
پاسێکی گواستنەوەی سەرنشین لە هەولێر. وێنە: رووداو
پاسێکی گواستنەوەی سەرنشین لە هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

لە گەرمای نزیکەی 40 پلەی سیلیزیی هاوین و لەسەر قیرێکی کوڵاو، لەنزیک تەنەکەی خۆڵدا، هاونیشتمانییان لەسەر شەقامەکانی هەولێر چاوەڕێی پاسن؛ بەشێک لە هاونیشتمانیان بۆ خۆپاراستن لە تیشکی بەتینی خۆر کارتۆن بە جامی ئۆتۆمبێلەکاندا هەڵدەواسن.
 
فەرمان محەممەد، سەرنشین دەڵێت، "پاسەکان پارک و گەراجیان نییە ئۆتۆمبێلەکانی لێ پارک بکرێ دوا بەدوای یەک. ئێستا لەسەر ئەم رێگەیە کە قسە لەگەڵ من دەکەیت، لە پشتم پاسە. باشە ئایا ئێرە شوێنی ئەوەیە ئۆتۆمبێل لێی پارک بکرێت؟"
 
ئارام سەیفەدین، سەرنشین ئاماژە بەوە دەکات، "چەند ساڵ ماڵم لە شاوێس بوو. دەبووایە بە پێ بێمە شاوێس. لێرە بە پاسی زۆر کۆنە تا دەگەیشتمە بازاڕ کاژێر و نیوێک بە پێ دەچووم. بەڕاستی زۆر زۆر ناخۆشە. داوای سیتی پاس دەکەین بۆمان دابین بکەن. ئێمە چیمان لە وڵاتانی پیشکەوتوو کەمترە؟"
 
پڕۆژەی سیتی پاسی هەولێر پێنج هێڵە و لە ساڵی 2010 بڕیاری لێدراوە و تێچووی پڕۆژەکەش 350 ملیۆن دۆلار بووە. دوای نزیکەی شەش ساڵ، تەنیا دیزاینەکەی تەواو بووە.
 
بەپێی ئەو پڕۆژەیە، دەبووایە 120 پاسی مۆدێرن دابین بکرێن و دوو تێرمیناڵی گەورە و بەنزینخانە و ئیدارەی تایبەت بە خۆیان دروستبکرێت، بەڵام لە ماوەی 13 ساڵدا هیچ شتێک نەکراوە.
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "کێشە لە صیانە (چاککردنەوە)ی هەبووە، چۆن گرێبەستەکە بکرێت؟ کێ گرێبەستەکە بکات؟ تێچووی گرێبەستەکەیان چەندە؟ چۆن صیانە (چاککردنەوە) دەکەن؟ بەڕاستی ئەوە یەک لە بابەتەکان بووە. ئەگەر بێتو گواستنەوەی گشتی و رێگەپێدان بکرێت، هاووڵاتی زۆر سوودمەن دەبێت، بەنزین بەو شێوەیە خواستی لەسەر نابێت و گران نابێت."
 
جگە لە پاس و تەکسی لەنێو شار، هیچ ئامرازێکی دیکەی گواستنەوەی گشتی نییە، ئەوەش بە هۆکاری سەرەکیی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر دادەنرێت. هاتنی ئۆتۆمبێلیش بەردەوامە و هیچ هەواڵێکیش بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل نییە.
 
فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، "بێگومان ئەگەر باسی ئەوە بکەین ئەو ژمارەیە زۆرە، بێگومان زۆرە و کارەساتی ژینگەیی دروستدەکات. تۆ ئەگەر پاسێکی کۆستەر بگریت، کە 21 کەس هەڵدەگرێت، واتە بەدیلی 21 ئۆتۆمبێلی تاکە کەسییە. ئەگەر پاسێکی گەورە بگریت، کە 44 کەس بگوازرێتەوە، واتا پاسێک لە شوێنی 44 ئۆتۆمبێل کار دەکات. تۆ پاسێک راگرە و 44 ئۆتۆمبێل راگرە، ئینجا دەزانیت جیاوازییەکە چەندە، چ لە لایەنی ژینگەیی و چ لە لایەنی قەرەباڵخی."
 
بەپێی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ئێستا لە شاری هەولێر 37000 ئۆتۆمبێلی تەکسی هەن و ژمارەی پاسەکانیش تەنیا 7146 پاسن. دابینکردنی سیستمێکی نوێ بۆ گواستنەوەی خێرای هاووڵاتییان 50%ی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و قەرەباڵخیی ناو شار كەم دەكاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە