پێشانگەیەکی تایبەت بە پێداویستییەکانی قوتابخانە لە هەولێر دەکرێتەوە

11-09-2023
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
دیمەنێک لە پێشانگەکە.
دیمەنێک لە پێشانگەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری پێشانگە نێودەوڵەتییەکان فێستیڤاڵی پایزی بۆ بازاڕکردن و گەڕانەوە بۆ قوتابخانە رێکخست. کۆمپانیاکانی تایبەت بە کەلووپەل و پێداویستییەکانی قوتابخانە یەکەم جارە لەو فێستیڤاڵەدا بەشدارییانکردووە و کڕیارێکی زۆر رووی تێکردوون. 
 
عەبدوڵڵا ساڵح، کارمەندی کۆمپانیایەکە و دەڵێت، "لەم ساڵەدا لە فێستیڤالی پایز 122 کۆمپانیا لەگەل ئێمە بەشدارن لە 10 وڵاتی جیاوازەوە. کە قوتابخانەکان دەکرێنەوە قوتابیان پێویستیان بە کەلووپەل و پێداویستیی قوتابخانەیە چ لە جلوبەرگ بێ چ لە پێویستیەکانی دیکە. بیرمان کردەوە لە فێستیڤاڵی پایز سەرنج بخرێتە سەر پایز کە قوتابخانە دەکرێتەوە و ئەو بابەتانە تێدا هەبێت کە قوتابیان پێویستیانە بۆ قوتابخانە وەرزی نوێ." 
 
کۆمپانیاکان زیاتر لە 400 مۆدێلی پەڕاو، 25 مۆدێلی جانتا، هەزار مۆدێلی پێنووس، لەنێویاندا، 30 مۆدێلی پێنووسی دار و 50 مۆدێلی پێنووسی جافیان نمایش کردووە. 
 
لە هەرێمی كوردستان هیچ كارگەیەكی بەرهەمهێنانی پێویستییەكانی قوتابخانە و فەرمانگەكان نییە، بۆیە 90٪ی كەرەستەی پەڕاوگەی قوتابخانە و فەرمانگەكان لە چین هاوردە دەكرێت، 10٪یشی لە ئێران، تایلەند، ژاپۆن، هیندستان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیمارات و توركیا.
 
یوسوف مەلا زادە، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی پێشانگەکە دەڵێت، "هەوڵمان داوە لەم پێشانگەیەدا باشترین کاڵاکانی قوتابخانە بە باشترین کوالێتی، بە گونجاوترین نرخ پێشکێشی قوتابیان بکەین. واتە ئەو نرخەی کە دانراوە، نزیکە لە کوالێتییەکەی. کەلووپەلەکان لە ئێران و چین دێن لەسەر کوالێتی و داواکاریی خۆمان و بە دیزاینی خۆمان بە باشترین کوالێتی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندن لە پێشانگەکەدا خراونەتەڕوو؛ منداڵان بەدوای کەلوپەلێکی جواندا بۆ وەرزی تازەی خوێندن و دایک و باوکانیش بەدوای نرخێکی باشدا دەگەڕێن.
 
مەروان عەبدولقادر، کڕیارێکە و دەڵێت: "من خاوەنی چوار منداڵم. دوو منداڵم دەچنە قوتابخانە، یەکێکیان پۆلی سێی سەرەتاییە، ئەوی دیکەش پۆلی حەوتە. ئێستا زیاتر دەگەرێین لە پەراوگە و پێنووس و پێویستیەکانی قوتابخانە. کوالێتییەکە لە پێش نرخەکەیە، بەڵام ئەوە باشترە نرخی هەرزانتر بێت."
 
بە گوتەی رێکخەرانی، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار کەس سەردانی پێشانگەکە دەکەن. بڕیاریشە فێستیڤالی پایزە تاوەکو 11ی ئەیلوولی بەردەوام بێت. 
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە