خاوەن پەلەوەرخانەیەک: شرووبی منداڵەکانم دەدەمە مریشک و سوودی زۆری هەبووە

11-08-2024
ئاسۆ سەراوی
خاوەن پەلەوەرخانەیەک دەڵێت: لە دوو مانگدا 50 هەزار مریشکی فڕێداوە
خاوەن پەلەوەرخانەیەک دەڵێت: لە دوو مانگدا 50 هەزار مریشکی فڕێداوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەرمانی قەدەخەكرا بۆ چارەسەر نەخۆشییەكانی مریشك لە كێڵگە ‏پەلەوەرییەكاندا بەكاردێت؟ خاوەن پەلەوەرخانەكان پابەندی ئەوە ‏دەبن كە مریشك دەرمانی پێدرا نابێت بۆ ماوەیەك بخرێتە بازاڕەوە؟ كێ‌ ‏فاكسینی مریشك دەفرۆشێت؟ ‏مریشكی سووری ‌و ئومەهات ‌و مریشكی هێلكەكە خواردنیان ئاساییە؟ ‏دەرمانی (فوڕاڵتادۆن) لە ‏كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستاندا بەكار دێت؟ 
 
بەرنامەی رۆژی یەکشەممە، 11-08-2024ـی لەگەڵ رەنج تایبەتە بوو بەم مژارە. وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکەش دەدرێتەوە. پزیشكێكی ‏ڤێتێرنەری دەڵێت، "هەندێ‌ پزیشک تاوەكو ئێستاش دەرمانی ‏‏(فوڕاڵتادۆن) دەفرۆشن". لەبارەی خواردنی مریشكی سووری ‌و ئومەهات ئایا ‏گونجاوە بۆ خوارن یان نا؟ لە بەرنامەكەدا دوو بۆچوونی جیاوازی دژبەیەک هەبوون.
 
‏شرووبی منداڵ دەدرێتە مریشک؟
 
‏خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەر لە بەرنامەکەدا گوتی: "هەموو جۆرە ڤاكسینێكم بۆ مریشكەكانم بەكارهێنا، بەڵام سوودی نەبوو، ‏دواجار پەنام بردەبەر شرووبی منداڵەكەم، ئەوەم دایە مریشكەكانم سوپاس ‏بۆخوا زۆر سوودم لێ بینیوە". خاوەن كێڵگەیەكی دیكە باسی لەوە كرد، سیر ‌و ‏پیاز بە تێكەڵاوی دەداتە مریشكەكانی و "زۆریش سوودم لێ بینیوە، بە جۆرێك ‏بەهۆی ئەو سیر‌ و پیازەوە، 50% كەمتر دەرمانی ڤێتێرنەری بەكاردەهێنم".
بەكارهێنانی ئەو هەموو رێگەیە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی مریشك، هێشتا ‏نەبووەتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی مرداربوونی مریشكی كێڵگەكان. ‏خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەر دەڵێت، "لە دوو مانگدا 50 هەزار مریشكم ‏فڕێداوە". خاوەن كێڵگەیەكی دیكە گوتی: "16 هەزار مریشكم لە دوو هۆڵدا ‏بەهۆی نەخۆشی لەنێوچوو". بە قسەی خاوەن كێڵگەیەكی دیكەی پەلەوەر، ‏هۆكاری بەشێكی نەخۆشییەكانی مریشك تێكەڵكردنی جووجەڵەی وڵاتە ‏جیاوازەكانە كە هەر یەكەیان جۆرە نەخۆشییەكی هەیە.
 
"‏8 ملیۆن مریشکی هەیە و كێڵگە پەلەوەرییەكەی مۆڵەتی ‏نییە"
 
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و ‏گەرمیان ‏لە بەرنامەكەدا ئاشكرایكرد، لە هەرێمی كوردستان 700 بۆ ‏‏800پەلەوەرخانەی بێ‌ مۆڵەت هەن ‌و بەرهەمی ئەو ‏كێڵگانەش 7 بۆ 8 ملیۆن مریشكە. بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی ‏كێڵگە پەلەوەرییەكان، ئێستا نەخۆشییەكی زۆر مریشك لە جۆرەكانی ‏‏(نیوكاسڵ ‌و گەمبۆرۆ ‌و ئای بی) لە كێڵگەكانی پەلەوەر بڵاوبووەتەوە: "كێڵگەی پەلەوەری هەیە لە 24كاژێردا 6 هەزار مریشكی ‏مرداربووە". 
 
ئەو ڤاكسینانەی بۆ مریشك بەكاردێن، كاریگەرییان هەیە ‏لەسەر كەمبوونەوەی نەخۆشییەكانی مریشک؟ بەبڕوای نازم عەبدوڵڵا، ‏كەمترین كاریگەری هەیە، چونكە بازاڕی ڤاكسینی پەلەوەر بەدەست كەسانی ‏بازرگانەوەیە نەك پسپۆڕانی بوارەكە: "لە بازاڕدا ڤاكسینی فەرەنسی ‌و ئێرانی ‏‌و توركی ‌و سینی ‌و هۆڵەندی هەیە هێندە زۆرە بەڕاستی سەرمان لێ شێواوە، ‏لەو بڕوایەدام 80% ڤاكسینەكان كار ناكات".‏
 
"سیر ‌و پیاز دەدەنە مریشک"
 
سەبارەت بە سەرپێچیی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانیش، نازم عەبدوڵڵا گرەنتیی ‏‏80%ـی پەلەوەرخانەكان دەكات كە سەرپێچی ناكەن، بەڵام دەڵێت: "ئەو 20%ـەی دیکە گرەنتی ناكەم، دوو بۆ سێ‌ ملیۆن مریشک ‏دەخەنە بازاڕەوە". هەر بەپێی قسەی نازم عەبدوڵڵا، لە بواری كەرتی ‏پەلەوەردا 400 بۆ 500 هەزار هەلی كار رەخساوە، بەڵام لایەنی ‏پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەرتەی فەرامۆش كردووە.
 
بە گوتەی نازنم عەبدوڵڵا، "ناكرێت ئەم كەرتە بەكەم سەیر بكرێت، چونكە نزیكەی ‏‏500 هەزار كەس كاری تێدا دەكەن، بۆیە دەبێت چارەسەری كێشەكانی كاری ‏لە پێشینەی دەسەڵات بێت". ئەوەشی پشتڕاستكردەوە کە "80٪ـی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی سیر‌ و پیاز پێكەوە دەدەنە ‏مریشكەكانیان".
 
لە ویژدانی خۆیانەوە سەرپێچی ناكەن

 

 
د. رەهێڵ عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی كارگێڕی ‏‏(رێكخراوی ‏ڤێتێرنەری لەپێناو ژیان) وەكو میوانێكی دیكەی بەرنامەكە گوتی: "خاوەن ‏كێڵگە پەلەوەرییەكان ئەگەر سەرپێچی نەكەن، لە ویژدانی خۆیانەوەیە، ‏چونكە چاودێری لەسەریان زۆر كەمە". بەپێی قسەی ئەو پزیشكەی ڤێتێرنەری بێت، ‏لە سێ‌ بۆ 7 رۆژ، ڤاكسین لە گۆشتی مریشكدا دەمێنێتەوە، بۆیە مریشك پێش خستنەبازاڕی، دەبێت هەفتەیەك تاوەكو 10رۆژ هیچ ‏دەرمانێكی پێنەدرێت. گومانی ئەوەش دەكات دەرمانی ‏‏(كلۆرامفینیكۆل) كە قەردەخەكراوە، لە هەندێ‌ كێڵگە پەلەوەرییەكانی ‏كوردستان بەكاربێت.‏
 
مریشكی سوور بخورێت؟
 
د. هەرێم هابیل، پزیشكی ڤێتێرنەری ‌و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ‏پەلەوەر وەکو ‏میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە، لەگەڵ ئەوەیە خەڵكی مریشكی سوور بخوات: "لەلای خۆم مریشكی سوورم لە مریشكی ‏سپی ‌و گۆشتی ئاژەڵیش پێ‌ تەندروسترە". ئەو نایشارێتەوە كە مریشكی ‏سوور رێژەی پڕۆتینی كەمترە دەشڵێت: "ئەگەر رێژەی ئەنتی بایۆتیک لە ‏گۆشتەكەیدا بەرزبوو، ئەوكاتە نەگونجاوە بۆ خواردن، ئەگینا خواردنی ‏ئاساییە". 
بە بڕوای د. هەرێم، ئەوانەی لە كەرتی پەلەوەر كار دەكەن، نەك ‏هاوكاری ناكرێن، بەڵكو خەدری زۆریشیان لێدەكرێت: ‏‏"پەلەوەرخانە هەبووە لە یەك رۆژدا 8000 مریشكی مرداربووە، بە ‏دینارێكیش قەرەبوو نەكراوەتەوە". سەبارەت بە پێدانی سیر‌ و پیاز بەیەكەوە ‏بە مریشك، د. هەرێم هابیل باسی لەوە كرد، ‏ئەگەر مریشكەكە نەخۆش نەبێت (جاترە ‌و رەشكە‌ و سیر ‌و پیاز) بە سوودە، بەڵام ئەگەر نەخۆش بوو، ئەوا نابێت سیر ‌و پیازی بدرێتێ‌.‏
 
دەرمانێكی مەترسیدار وەك قەتری چاو دەفرۆشرێت
 
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەكانی ‏پەلەوەر باس لە مەترسیی دەرمانی (‏كلۆرامفینیكۆل) دەكات كە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی پەلەوەر ‏بەكارهاتووە، بەڵام ئێستا قەدەخە كراوە و دەڵێت: "هەرچەندە ئەو دەرمانە ‏قەدەخەیە، چونكە هۆكارە بۆ توشبوون بەشێرپەنجە، بەڵام وەك  قەترەی ‏چارەسەری چاو لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێ‌".‏
 
هەر بەپێی قسەی د. هەرێم، دەرمانی (فوڕاڵتادۆن) كە بە دەرمانە ‏زەردەكە لەلای خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان ناسراوە ‌و هۆكارە بۆ توشبوون ‏بە شێرپەنجە، تاوەكو ئێستاش هەندێ‌ لە پزیشكانی ڤێتێرنەری دەفرۆشن. ‏ئەوەش "زۆر مەترسیدارە"، چونكە "ئەو دەرمانە ‏‏25 رۆژ لە مریشكدا دەمێنێتەوە".‏ ئەوەش ناشارێتەوە کە دەرمانە قەدەخەكراوەكانی ڤێتێرنەری، ‏لە نێوەڕاست ‌و خوارووی عێراقەوە بە قاچاخ دێتە هەرێمی كوردستان.‏
 
‏بۆچوونێكی دیكە لەسەر مریشكی سوور
 
بە پێچەوانەی بۆچوونەكەی د. هەرێم هابیل؛ ‌جەمال حوسێن جەخت لەوە دەكاتەوە كە مریشكی سوور نابێت ‏بخورێت، چونكە بەهای خۆراكی نییە و دەڵێت: "مریشكی سوور لە هیچ ‏شوێنێكی دنیا بۆ خواردن بەكارنایەت، مریشكی سوور‌ و ئومەهات لە ئێران ‏هەر نییە، لە سوێد هەر دەسوتێنرێ‌". 
 
بەپێی بەدواداچوونەكانی جەمال ‏حوسێن، مریشكی سوور نەك هەر بەهای خۆراكی نییە، بەڵكو ئەنتی ‏بایۆتیکیش لە لەشیدا زۆرە‌: "لە تاقیگە ئەوە سەلمێنراوە كە ‏ئەنتی بایۆتیک لە لەشیدا زۆرە، بۆیە من لەگەڵ ئەوە نیم خەڵكی بیخوات". ‏بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئێستا لە ‏وەزارەتی كشتوكاڵ گفتوگۆكان لەسەر مریشكی سوور بەردەوامە.‏
 
لە سلێمانی زیاد لە 150 كێڵگەی پەلەوەری بێ‌ مۆڵەت هەیە
 
نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەی نەشاردەوە، لە سلێمانیش ‏پڕۆژەیەكی زۆری كێڵگەی پەلەوەری بێ‌ مۆڵەت هەیە: "لە سلێمانی ‏زیاد لە 150 كێڵگەی پەلەوەری بێ‌ مۆڵەت هەیە، بەداخەوە لە كاتی كۆرۆنا ‏‌و جەنگی داعش پڕۆژە بێ‌ مۆڵەكان زۆر زیاتر بوون". سەبارەت بە ‏لێپێچینەوە لەو كێڵگە بێ‌ مۆڵەتانە، جەمال حوسێن ئەوەی خستەڕوو، ‏سەرجەم  پڕۆژە بێ‌ مۆڵەتەكانی داوەتە داواكاری گشتی: ‏‏"بەشێكیان ئەوەندە خراپن، وەك گەوڕی ئاژەڵیش نابن". 
جەمال حوسێن نكۆڵی لەوەش ناكات، لەگەڵ ئەوەی هێنانی دەرمانی ‏ڤێتێرنەری بە رێنمایی رێكخراوە، بەڵام بە قاچاخ هێنانی هەر هەیە و دەڵێت: ‏‏"دەگوترێ‌ لەژێر تایەی ئۆتۆمبیلەوە بە قاچاخ دەهێنن".‏
 
جەمال حوسێن جەخت لەوە دەكاتەوە سێكتەری پەلەوەر "بە بودجە چاك ‏دەبێت نەك بە شیعر ‌و شانامە". لە كۆتایی قسەكانی دا، باسی لەوەش كرد، نووسراویان بۆ دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان كردووە كە مریشكی نێوخۆیی بەكاربهێنن نەك مریشكی بەستووی ‏دەرەكی.‏
 
ڤاكسین سوودێكی وەهای نییە
 
 
زریان مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كوردستان ‏بۆ ‏بەخێوكرنی ‏پەلەوەر ‏وەك میوانێكی بەرنامەكە گوتی، ئەو ڤاكسینانەی بۆ ‏مریشكەكانیان بەكاردەهێنن، كەمترین كاریگەری هەیە: ‏‏"ڤاكسینیشمان بەكارهێناوە، كەچی رێژەی مرداربوون زیادی كردووە". ‏سەبارەت بە بەكارهێنانی دەرمانی (فوراڵتادۆن) كە بە دەرمانە زەردەكە ‏ناسراوە، زریان مستەفا گوتی: "23 ساڵە لەم بوارە كار دەكەم، لەم ‏بەرنامەیەدا گوێبیستی دەرمانە زەردەكە بووم". 
 
د. زانیار ئارێز، پزیشكی ڤێتێرنەری وەكو بەشداربوویەكی دیكەی بەرنامەكە ‏بە پێویستی زانی لەنێوخۆی كوردستان كارگە بۆ دروستكردنی دەرمانی ‏ئاژەڵی دروست بكرێت: "وەك چۆن كارگەی دەرمانی چارەسەر ‏مرۆڤ هەیە، پێویستە بە هەمانشێوە دەرمانی چارەسەری ئاژەڵیش هەبێت".‏
 
"سەربڕخانەی نافەرمیش هەیە"
 
 
دەوەن موحسین، نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە ‏هەرێمی ‏‏كوردستان ‏میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو، رایگەیاند، لە هەرێمی ‏كوردستان 10 سەربڕخانەی فەرمی هەیە ‌و گوتی: "‏كەس لێپرسینەوە لە سەربڕخانە نافەرمییەکان ناکات ‌و هیچ چاودێرییەكیشیان لەسەر ‏نییە".‏
 
دەوەن موحسین ئاشكراشیكرد، وەزارەتی كشتوكاڵ بەنیازە مریشكی ‏هەرێمی كوردستان هەناردەی بەشێك لە وڵاتان بكات، داواشی لە خەڵكی كرد ‏وەكو پاڵپشتییەك بۆ ئەوان، بەرهەمی مریشكی نێوخۆی بەكاربهێنن ‌و گوتی: ‏"بەداخەوە تاوەكو ئێستا پێشمەرگەی كوردستان مریشكی بەستووی ‏دەرەكی دەخوات".‏

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیای سەفین. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسی: باران و بەفر دەبارێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمشەو شەپۆلێکی بارانبارین هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، "لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بەفربارینیش هەیە."