پەرلەمانتارێکی پارتی: ئەو ماددانەی لە بودجەدا پەسندکراون لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانن

11-06-2023
پەیام محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ نەهرۆ مەحموود، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ نەهرۆ مەحموود، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕگەی هەشتی مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە هەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا مادەکانی نێو پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان پەسند کراون. 
 
رۆژی یەکشەممە 11-06-2023، نەهرۆ مەحموود، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: هیچ کێشەیەک لە بڕگەی هەشتی مادەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجەدا نییە، یاساییە و بابەتەکە ئەوە نییە کە لە راگەیاندنەکان باسی دەکەن.
 
شەوی رابردوو، پەرلەمانی عێراق هەر هەشت بڕگەکەی مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی پەسندکرد کە بڕگەی هەشتەم مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.
 
ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی و د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لابردنی بڕگەکەیان کرد و بە هەوڵێک بۆ "لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان"یان ناوهێنا، بۆیە کۆبوونەوەکەیان بەجێهیشت، دوای ماوەی زیاتر لە کاژێرێک، کۆبوونەوەکە دەستیپێکردەوە. 
 
نەهرۆ مەحموود دەڵێت، لە دەستووری عێراقدا باس لەوە کراوە، هەرێمی کوردستان کیانێکی یاساییە و ناکرێ شوێنێک لە هەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە یان هیچ یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق پەسند بکرێت کە دژ بە دەستوور بێت، بۆیە ئەو بڕگەیە بە مانای پارەدارکردنی سەربەخۆی پارێزگایەک لەلایەن بەغداوە نییە.
 
بەپێی بڕگەی هەشتی مادەی 14، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا و بەپێجەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییە، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتانە و لەنێویاندا پارەدارکردن.
 
ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەوە دەکاتەوە، بڕگەی هەشتی مادەی 14ی پڕۆژەیاساکە، نە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندایە و نە دژایەتیشی دەکات، ''شتێکی یاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە، ئەگەر رێگەپێدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەبێت، مادەی 14 لە بڕگەی یەکەوە تاوەکو هەشت هیچی جێبەجێ ناکرێت.'' 
 
نەهرۆ مەحموود دڵنیایی دەداتە خەڵک و دەڵێت: ''بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و بەتایبەتی پارتی قبووڵ ناکات هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بۆیە ئەو بابەتە لە روانگەی ئێمەوە هیچ مەترسییەکی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی دەستوور ئەوە قبووڵ ناکات، رەنگە بۆ لایەنە شیعەکان دەستکەوتێک بێت، بەڵام لە رووی یاساییەوە ئەو بڕگەیە جێبەجێ ناکرێت، مەگەر ئەوەی کە شیکردنەوەی (تفسیر) بۆ بکرێت.''
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەگەر بەو شێوازەی کە هەندێک لایەنیش [بەخوێندنەوەی خۆیان] باس دەکەن، دەسەڵات بدرێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق کە تەمویلی پارێزگاکان[ی هەرێمی کوردستان] بکات، ئەوە ئەم بابەتە قبووڵکراو نییە و دژی دەستوورە.''
 
دوێنێ شەممە، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: ''دۆخی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بە جۆرێکە وەکو ئەوەی بە بارهەڵگرێک تریاکەوە دەستگیریان کردبێت و ئێستا لە بەردەم دادگەیە. ئەوەی لەو پڕۆژەیاسایەدا بە هەرێمی کوردستانیان کردووە، تەنیا لە 16 ئۆکتۆبەر بینراوە." 
 
نەهرۆ مەحموود ئەوە رەتدەکاتەوە کە پڕۆژەیاسای بودجە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نەبێت و دەڵێت، ''مادەکانی 12، 13 و 14 لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەنگیان لەسەر دراوە، زۆر گەشبینم ئەگەر مادەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکەش هەر بەو شێوازە تێپەڕێت، دۆخی هەرێمی کوردستان زۆر بەرەو باشی دەچێت و و دۆخی ئابوورییەکەی دەگەشێتەوە''
 
تائێستا 41 مادە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسندکراون، بڕیاربوو کاژێر 13:00ی ئەمڕۆ یەکشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە مادەکانی دیکە دەستپێبکات، بەڵام کۆبوونەوەکە هێشتا دەستیپێنەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە