رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی رایگەیاند، "لە پڕۆژەی دەرو سیتی لە سلێمانی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی کرێن تاوەرێک، سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و کرێکارێکیش بریندارە."
رۆژی یەکشەممە 11-06-2023، چالاک رەئووف، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی کەوتنە خوارەوەی کرێن تاوەرێک لە پرۆژەی دەرو ستی لە گەڕەکی راپەرینی سلێمانی، سێ کرێكار گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان تورکمانە و دووی دیکە عەرەبن و خەڵکی شاری موسڵن. کرێكارێکیش بە سەختی بریندارە کە خەڵکی دێرەزوورە لە سوریا و لە دایکبووی 1977ـە."
سامان لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو سێ کرێکارەی گیانیان لەدەستداوە تەرمەکانیان لە دادپزیشکی سلێمانییە و بریندارەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی شارە و تەندروستی ناجێگیرە.
هێدی کەمال، ئەندازیارێکی کۆمپانیای دەرو-ە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکەمان سەرجەم کارەکانی بە بەڵێندەری لاوەکی راسپاردووە، دوێنێ هاتن کرێن تاوەرێکیان بەست، ئێمە سەرجەم کرێکارانمان گەڕاندەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی ئەوان بە ئیسراحەت کار بکەن و لە دۆخێکی لەمشێوەیە گیانی کرێکاران بپارێزین، هەر دوێنێ کارەکانیان تەواوکرد، بەڵام ئەمڕۆ گەڕانەوە هەندێک کاری تووندکردنەوەیان مابوو، دوای ئەوەی سێ کرێکار چوونە سەرەوە بۆ کاری تووندکردنەوە رووداوەکە روویدا و تاوەرەکە کەوت."
کرێکارەکان تەمەنیان لە نێوان 35 بۆ 40 ساڵە. ئەو ئەندازیارەی کۆمپانیای دەرو دەڵێت: "سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکە لە بەرچاوگیراوە، بەڵام ئەو بەڵێندەرانەی کە دێن کار بکەن دەبێت بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، ئێمە کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیاریکراو کاردەکەین و گرێبەست دەکەین، ئەوان سەرجەم بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ