سوڵحی عەشایەری سواڵ بە هەزاران كەس دەکات

11-06-2017
دیمەن بورهان
نیشانەکردن سوڵحی عەشایەری
A+ A-
رووداو- هەولێر

محەممەد خدر، 28 ساڵ، شوفێری قوتابخانەیەكی بنەڕەتیی ئەهلییە، نیوەڕۆیەك بەهۆی نەخۆشكەوتنی هاوژینەكەی كەمێك لە كارەكەی دوادەكەوێ‌. كە دەچێتە سەر كارەكەشی هەر بیر و خەیاڵی لەلای هاوژینەكەی دەبێ‌، لە ناكاو لە شەقامی چل مەتری لە شاری هەولێر لە ئافرەتێكی بەساڵاچوو دەدات و ئافرەتەكە هەردوو قاچی دەشكێ‌.

محەممەد خێرا ئافرەتەكە هەڵدەگرێتەوە و دەیگەیەنێتە نەخۆشخانە. ئافرەتەكە دوو مانگە لەسەر جێگەیە، محەمممەد ئەركی خۆی بەرامبەر ئەو ژنە بەجێهێناوە و تێچووی نەخۆشخانەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە، بەڵام كەسوكاری ئافرەتەكە داوای پارەی زۆرتر دەكەن.

محەممەد دەڵێت "زۆر نەشتەرگەریمان بۆ كرد، هەموو نەشتەرگەری و مانەوەكانی لە نەخۆشخانەیەكی گرانبەهای تایبەت بوو، ناچار ئۆتۆمبێلەكەم بە 8700 دۆلار فرۆشت تاوەكوو پێداویستی نەخۆشخانەم دابین كرد، ئێستا تەندروستیی بەرەو باشی دەچێت".

ئەو ژنەی محەممەد بە ئۆتۆمبێل لێیداوە تەمەنی 71 ساڵە و خاوەنی چوار كوڕ و سێ كچە. كەسوكاری ئافرەتەكە سكاڵایان لەسەر محەممەد تۆمار نەكرد، بەڵام پێیانگوت بە سوڵحكردن لێی خۆشدەبن. ئێستا داوای 30 هەزار دۆلاری لێدەكەن. محەممەد دەڵێت "من هیچ پارەم نەماوە، بە هەموو خزمەكانم 5000 دۆلاریان بۆ كۆكردمەوە، ناردم بۆیان، بەڵام ئەوان ناردیانەوە و گوتیان ئەگەر 30 هەزار دۆلار نەنێری، دەبێت بە ناخۆشی و شەڕ بیدەی. ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین لەڕێگەی پیاوماقوڵان و كەسی ئاینی رازییان بكەین مانگانە 200 هەزار دیناریان پێبدەم هەتا چاك دەبێتەوە".

سوڵحكردن بۆ ئەو رووداوانەی بەئەنقەست یان بە رێكەوت روودەدەن، عورفێكی كۆمەڵایەتییە و بەهۆی ئەوەش كە رێكنەخراوە، وا دەردەكەوێ كە لەهەندێ حاڵەتدا دەبێتە ئامرازی خۆدەوڵەمەندكردن و داڕووتاندنی ئەو كەسەی رووداوەكەی لەدەست قەوماوە. زۆربەی جاران لەو حاڵەتانەدا پەنا بۆ یاسا نابردرێت، بكەوێتە ناو چوارچێوەی یاساشەوە، هەر هێزی عورف زاڵترە و دواجار رێكارە یاساییەكان دەبنە هەندێ كاری رۆتینی و ئەوەی بە گرنگی و بنچینەیی دەمێنێتەوە، رێكارە عەشائیرییەكانە كە بریتییە لە كۆكردنەوەی "پیاوماقوڵ" و "ریشسپی" و مەكتەبە كۆمەڵایەتییەكانی سەر بە حیزب و تەقەی مەعامەلە بە دەفتەرە دۆلار بۆ داخستنی سەرقاپی كێشەیەك، ئاشووبێك و تەنانەت رووداوێكی ئاسایی وەكو رووداوی هاتوچۆ.
هەرچەندە هەندێك لەو كێشانە بە لێخۆشبوون كۆتایی دێت، بەڵام هەندێكیان بە پارەی زۆر و تەنانەت هەندێ جار خەیاڵی ئینجا چارەسەر دەبن.

"15 هەزار كێشەمان چارەسەر كردووە"

سەرەڕای ئیدیعاكانی یاسا سەروەری، هێشتا مەكتەبی كۆمەڵایەتیی حیزبەكان جمەیان دێت لەو كەسانەی نایانەوێ‌ كێشەكانیان بچێتە دادگا كە زۆرجار لە رۆتیندا گیر دەخوات و دەبێ چەند مانگێك چاوەڕێی یەكلابوونەوەی بكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان 24 ساڵە مەكتەبی كۆمەڵایەتیی هەیە. جیهاد ئاكرەیی، بەرپرسی بەشی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵایەتی گشتیی هەولێر، سوڵحكردنی بە "براگەورەی حوكمەكان" وەسف كرد و گوتی "لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا 15 هەزار كێشەمان چارەسەر كردووە". 

جگە لە مەكتەبی كۆمەڵایەتی گشتی، هەر لقێكی پارتی مەكتەبێكی كۆمەڵایەتی هەیە. جیهاد ئاكرەیی دەڵێت: "هەر كێشەیەك لە مەكتەبی كۆمەڵایەتیی لقەكان چارەسەر نەكرێ‌، دەینێرن بۆ گشتی، ئێمەش لێرە چارەسەری دەكەین". بەگوتەی ئاكرەیی 150 كەس لەو مەكتەبە كاردەكەن.

دادگا داوای یارمەتی دەكات!

جیهاد ئاكرەیی گوتی "هەموو كێشەیەك پێش چوونی بۆ دادگا ئێمە دەتوانین بەشداری لە چارەسەركردنیدا بكەین، بەڵام كە چووە دادگا كێشەكە پەیوەندی بە ئێمەوە نامێنێ، حاڵەتیش هەیە كێشەكە كۆمەڵایەتییە و تاوانی گەورە نییە، لە دادگا یەكلایی نابێتەوە و دادوەرەكان پێماندەڵێن ئێوە بەشداری تێدا بكەن و چارەسەری بكەن، چونكە هەندێ كێشە بەڕێگەی كۆمەڵایەتی ئاسانتر چارەسەر دەكرێت".

ئاكرەیی ئاماژەی بەو كێشانە دا كە دەهێنرێنە مەكتەبەكانیان و گوتی: "كێشەكان هەمەجۆرن. سوڵحی خوێن، كێشەی ژن و مێرد، كێشەی زەویوزار، تەنیا تەدەخولی كێشەكانی قومار و تلیاك و ئەو كێشانە ناكەین كە لەسەر بێڕەوشتین".

 گوتیشی: "كێشەی قەرز و پارە زۆر زیادی كردووە، بەجۆرێك ئێستا ئەو هۆبەیەمان داخستووە، هاووڵاتی هەیە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار قەرزدارە، پێویستە ئەم كێشەیە دادگا یەكلایی بكاتەوە".
سەبارەت بە چۆنیەتی سوڵحكردنیش، جیهاد ئاكرەیی گوتی: "سەرەتا كە كێشەیەك دێتە لامان، دەگەڕێین بەدوای ئەو كەسەی كە كەسی بەرامبەر لای رێزدارە و گوێی لێدەگرێت، دەچینە لای. ئەو بە كلیلی چارەسەر دادەنێین، ئەگەر هەر چارەسەر نەكرا لە رێگەی مەكتەبی سەرۆك بارزانی هەوڵی چارەسەركردنی دەدەین".

جیهاد ئاكرەیی دەڵێت ئەویش لەگەڵ ئەوەیە كە سوڵح جێی یاسا نەگرێتەوە. ئەو دەڵێت "چەندجارێك بە سەرۆك بارزانیم گوتووە خوای گەورە بۆیە جەهەننەمی داناوە هەتا مرۆڤ ئەگەر نیازی خراپەی هەبوو، بزانێت سزا دەدرێت، پێویستە پارتیش كوتكی هەبێت، ئەگەرنا هەندێك كێشە چارەسەر نابن. پێویستە رێگەی توند بگیرێتەبەر هەتا ناهەقی و خراپەكاری زیاد نەكات".

یەكێتی: 2000 كێشەمان چارەسەر كردووە

یەكێتیش هاوشێوەی پارتی، مەكتەبی كۆمەڵایەتی هەیە. محەممەد عەلی، لێپرسراوی ناوەندی سلێمانی ئەو مەكتەبە سەبارەت بە سوڵحكردن لەلای ئەوان گوتی "مەكتەبی كۆمەڵایەتی گشتی لە 10 ناوەندی كۆمەڵایەتی پێكهاتووە. لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانیش ناوەندمان هەیە". 
گوتیشی: "ناوەندی كۆمەڵایەتی لە سەردەمی شاخەوە هەبووە، بەڵام لەدوای راپەڕین رێكخراوە و لە هەموو شار و شارۆچكەكان دانراوە".

محەممەد مام عەلی كە زیاتر لە شەش ساڵە بەرپرسی ناوەندەكەیە، سەبارەت بە چەندێتی و جۆری كێشەكان گوتی "لەماوەی كاركردنم لەو ناوەندە زیاتر لە 2000 كۆنووسی چارەسەری كێشەی كۆمەڵایەتیم لایە و بەبێ دووبارەبوونەوەی هیچكام لەو كێشانە هەموویان چارەسەر بوونە".

هەروەها دەڵێت ناوەندەكەیان ئاسانكارییەكی زۆری بۆ دادگاكانی كوردستان كردووە "هەر كەسێك لەلای ئێمە كێشەكەی چارەسەر دەكرێ‌، ئێمە نووسراوێكی بۆ دەكەین كە دەچێتە دادگا، دادوەر داوای ئەو نووسراوەی لێدەكات، هەروەها بۆ ئەو كەسانەی تاوانبارن و لێیان خۆش بوونە، لایەنی بەرامبەر ئەم كۆنووسەی كە بەئامادەبوونی هەردوولا و كەسانی یاسایی و ئاینی و كادیری كۆمەڵایەتی واژۆ كراوە، كۆنووسەكە دەنێرێتە سەرەوە و لەكاتی دەركردنی لێبوردنی گشتی كەسی تاوانبار دەگرێتەوە".

سەبارەت بە جۆری كێشەكانیش، محەممەد عەلی گوتی "كێشەكانی ئێستا زۆرترینیان لەسەر قەرز و پارەخواردنە، پاشان لەسەر زەویوزار و كێشەی خێزان و ژنان كە بەشی تایبەت بە ژنانمان هەیە و ژنان تێیدا كاردەكەن".

خوێنی كەسێك 100 حوشترە

مامۆستایەكی ئاینی مەسەلەی سوڵح لە ئیسلامدا رووندەكاتەوە و دەڵێت ئاساییە پارە بۆ سوڵح وەربگیرێ.

د.مەغدید كەریم تەها كە دكتۆرای لە شەرعدا هەیە و مامۆستای زانكۆی سەلاحەدینە، دەڵێت "لەڕووی شەرعەوە سوڵح باشترین كارە و لە چەند ئایەت و فەرموودەدا هاتووە. ئەو كەسەی دەبێتە هۆی ئاشتەوایی و كوژاندنەوەی شەڕ و كێشە لەنێوان دوو كەس یاخود خێزان، ئاینی ئیسلام هەوڵیان بەرز دەنرخێنێ و خێرێكی زۆری دەگات. بەڵام ئەو كەسەی سوڵحەكە رێكدەخات، پێویستە لە بەرژەوەندی كەسی زوڵملێكراو بێت و ببێتە مایەی خێر و ئاشتی ئەو دوو لایەنە".

سەبارەت بەو پارەیەی لە سوڵحیشدا وەردەگیرێ، د.مەغدید گوتی "ئەو پارەیەی لە سوڵحكردن وەردەگیرێت حەڵاڵە. ئەگەر كەسێك بەئەنقەست كەسێكی دیكەی كوشت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام دەبێ كەسەكە بكوژرێتەوە، بەڵام ئەگەر بە هەڵە بوو، ئەوە دەبێ 100 حوشتر بداتە كەسوكاری كوژراوەكە. ئەو پارەیەش زۆر زۆرە، بۆیە ڕێگەدراوە لەگەڵ كەسوكاری زوڵملێكراو لەڕێگەی سوڵحەوە رێكبكەون و داشكاندن بۆ خاوەن قەزیەكە بكەن".

یاسا چی دەڵێت

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر سەبارەت بە كێشە كۆمەڵایەتییەكان و سوڵحكردن دەڵێت "لە یاسای عێراقیدا لە ماددەی 82ی قانونی مرافەعاتی مەدەنی باس لە تەنازول و سوڵح كراوە، لە نەمانی دەعوای جەزائی سوڵح و تەنازولی تێدایە".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت "بەهۆی زۆربوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان سوڵحكردن لەڕێگای كۆمەڵایەتی زیادی كردووە. زۆرترین سوڵحیش لەسەر مەسەلەی قەرز و پارەیە. ئێمە وەك پۆلیس خۆمان بەدوور دەگرین لە مەسەلەی سوڵحكردن، چونكە ئێمە لایەنی جێبەجێكارین و هەموو تاوانێك دەبێت لایەنی قەزائی بڕیاری لەسەر بدات، ئینجا ئێمە فەرمانەكە جێبەجێ دەكەین".

رائید هۆگر دەڵێت مەرج نییە هەموو كێشەیەك كە سوڵحی تێدا كرا كۆتایی بێت. نموونە بە دزیكردن دێنێتەوە و دەڵێت "كەسی تاوانبار لە بڕیاری دادگادا تەنیا مافی كەسی لەسەر نامێنێ، لە سزای مافی گشتی رزگاری نابێت و سزادەدرێ".

دادگا یان سوڵح

كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان پێیانوایە لە زۆر باردا سوڵحكردن باشترە لەوەی دۆسیەكە ببرێتە دادگا.

شێخ فەرەیدوون شێخ عومەری شێخ تەهای بێدەری كە كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتیی ناحیەی ئاغجەلەرە، رای وایە كە سوڵحی كۆمەڵایەتی لە دادگا باشترە، چونكە دەڵێت "من گەورەترین كێشە بە هەفتەیەك چارەسەر دەكەم، بەڵام بۆ بچووكترین كێشە لە دادگا چەند ساڵێك هەر دەبێت بێیت و بڕۆی و دادگاییەكە هەر دوادەكەوێت".

زۆربەی ئەو سوڵحانەی شێخ فەرەیدوون دەیانكات، پەیوەندییان بە تاوانی كوشتنەوە هەیە. شێخ دەڵێت "هۆكاری سەرەكی زۆربوونی كێشەكان بەتایبەتی كوشتن ئەوەیە كە ئەمڕۆ حكومەت و یاسا لاوازن. هۆكاری دووەمیش ئەوەیە كە لەناو خەڵكدا گەورە و بچووكی نەماوە، خەڵك بەقسەی گەورەتر لە خۆی ناكات، كوڕ و كچ حیساب بۆ باوك ناكەن".

شێخ فەرەیدوون پێیوایە ئەوان كارئاسانییەكی زۆر بۆ خەڵك دەكەن و ئەگەر ئەوان نەبن زۆربەی كێشەكان بە خوێن یەكلایی دەكرێنەوە. نموونە بە سوڵحێك دێنێتەوە كە چەند رۆژ لەمەوبەر كردوویەتی و دەڵێت "كەسێك لە قەرەهەنجیر كوژرابوو، كەسوكارەكەی داوای 600 هەزار دۆلاریان لە بكوژەكە دەكرد، بەڵام من چوومە نێو سوڵحەكە و بە 100 هەزار دۆلار پێكمهێنان، چونكە كوژراوەكە سێ‌ منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشتبوو. تاوەكوو ئەم پارەیە بدرێت بە خانوو بۆ منداڵەكانی".

ئەو كەسایەتییە كە ماوەی ساڵێكە خەریكی چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكانە، دەڵێت "لە ماوەی ئەم ساڵەدا زیاتر لە 25 كێشە هاتووەتە لای من و هەموویم چارەسەر كردووە".

لەبارەی ئەو پارەیەش كە بۆ چارەسەری كێشەكان دیاری دەكرێت، شێخ فەرەیدون دەڵێت "پارەكە جیاوازە، بۆ نموونە كوشتنی ئەنقەست و كوشتنی بەهەڵە هەیە، كوشتنی بەئەنقەست هەتا 80 ملیۆن دیناریش وەردەگیرێت، بەڵام كوشتنی بەهەڵە یان قەزاوقەدەر لە 50 بۆ 60 ملیۆن دینارە، ئەم پارەیەش لە دیوەخان و تەكیەكاندا دیاریكراوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە