رووداو- هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 11-4-2020، مستەفا سەلیمی، یەکێک لە زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقز، دوای دەستگیرکردنەوەی لەسێدارەدرا. سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی کوردستانی دەڵێت، دەبێت ئاسایشی گشتی سلێمانی و ئاسایشی پێنجوێن روونکردنەوە بدەن.
عومەر غوڵامعەلی، ئەندامی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "سەرلەبەیانی سزای لەسێدارەدان بەسەر مستەفا سەلیمی، زیندانیی سزادراو بە لەسێدارەدان لە زیندانی سەقز لەلایەن کاربەدەستانی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێکرا، کە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرابوو".
ئەندامی رێبەریی حیزبی دموکراتی کوردستانی ئێران گوتیشی: "مستەفا سەلیمی پێشتر ماوەی دوو ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، بەڵام دواتر خۆی رادەستکردووەتەوە، لە 5-4-2003 بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە سەرۆکایەتی گودینی بە 15 ساڵ زیندان و لەسێدارەدان سزادرابوو، ماوەی 17 ساڵیشە لە زیندانە، لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا چەندین جار وەک ناڕەزایەتی لەدژی سزاکەی مانی لە خواردن گرتبوو".
مستەفا سەلیمی لە دایکبووی 25-6-1967ـە، پاش ناڕەزایەتیی زیندانییان لە زیندانی سەقز، مستەفا لە زیندان هەڵهات و خۆی گەیاندە باشووری کوردستان، بەڵام بەگوتەی عومەر غوڵامعەلی: "دەستگیرکراوەتەوە و ئەمڕۆ لە زیندانی سەقز لەسێدارە دراوە".
هەروەها ئاگری ئیسماعیل نەژاد، چالاکوانی مەدەنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مستەفا سەلیمی پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، بەڵام دواتر چەکی داناوە و گەڕاوەتەوە ئێران، لە دۆسیەیەکی کوشتنی کەسێکی سەربازی لە سەقز تێوەگلاوە، هەرچەند ئەو دانی بە تاوانەکەدا نەناوە، بەڵام سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە و دوای 17 ساڵ مانەوە لە زیندان، ئەمڕۆ لەسێدارەدرا".
زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مستەفا سەلیمی، دوای هەڵاتنی لە زیندان بەرەو هەرێمی کوردستان هاتووە، بەڵام ئاسایشی پێنجوێن رادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووەتەوە، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە و پێچەوانەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ماددەی 21ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، کە ئاماژە بەوە دەدەن پەنابەری سیاسی نابێت بەهیچ شێوەیەک رادەستی وڵاتەکەی بکرێتەوە یان بەزۆر بنێردرێتەوە، دەبوایە رادەستی UN بکرێت یان بدرێتە دادگا و دادوەر بڕیاری لەسەر بدات، نەک رادەست بکرێتەوە بە ئێران".
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتیشی: "بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بڕیاری رادەستکردنەوەکە بە فەرمان بووە یان بڕیارێکی تاکەکەسی، دەبێت ئاسایشی گشتیی سلێمانی و ئاسایشی پێنجوێن بێنە سەرهێڵ و چۆنیەتی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بۆ رای گشتی روونبکەنەوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاگامان لە رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران نەبووە و بەفەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکدەهێندرێت.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی مستەفا سەلیمی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "هیچ داتایەک بەناوی مستەفا سەلیمی لەناو تۆماری بەردەست ئاسایشی سلێمانی و نشینگە و دەروازە سنوورییەکان بەردەست نییە و ئێمە هیچ کەسێک بەو ناوە ناناسین".



