رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 927 منداڵی ئۆتیزم تۆمارکراون و تاوەکو ئێستا تەنیا 310ـیان هاوکاریی دارایی مانگانە وەردەگرن. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، پشکنینیان بۆ سەرجەم منداڵەکانی دیکەش کردووە و دۆسیەکانیانیان ناردووەتە بەغدا تاوەکو مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
رۆژی شەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2026، لە رێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری نێودەوڵەتیی (کاد) بۆ ئۆتیزم لە شاری سلێمانی، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی سەنتەرەکان و گرفتەکانی منداڵانی ئۆتیزمی خستەڕوو.
تەنیا 310 منداڵ هاوکاری وەردەگرن و چاو لە بەغدایە
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، لە کۆی 3 هەزار و 927 منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان، ئێستا هەزار و 756 منداڵ لە سەنتەرەکاندا راهێنانیان پێدەکرێ، بەڵام تەنیا 310 منداڵیان هاوکاریی دارایی مانگانە وەردەگرن.
کوێستان محەممەد گوتی: "پشکنینمان بۆ منداڵەکانی دیکەش کردووە و ناوەکانیانمان ناردووە بۆ هەردوو وەزارەتی دارایی و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق تاوەکو مووچەیان بۆ دابین بکرێ؛ هەروەها لە پڕۆژەبودجەی ساڵی 2027دا داواکارییەکەمان پێشکێش کردووە تاوەکو لەگەڵ بەغدا کاری لەسەر بکرێ."
دابەزینی نرخی سەنتەرە تایبەتەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری کار بەراوردی ژمارەی سەنتەرەکانی کرد و گوتی، لە ساڵی 2019 و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، تەنیا 11 سەنتەری ئۆتیزم لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەبوون کە 3 سەنتەریان حکومی و 8 سەنتەریان تایبەت بوون، بەڵام ئێستا 72 سەنتەر هەن کە 14ـیان حکومی و 58ـیان سەر بە کەرتی تایبەتن.
کوێستان محەممەد باسی لە رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ کرد و گوتی: "پێشتر لەو 8 سەنتەرە تایبەتییەی هەبوون، مانگانە نزیکەی 1000 دۆلاریان بۆ هەر منداڵێک وەردەگرت. دوای ئاسانکارییەکانمان بۆ کەرتی تایبەت و کردنەوەی سەنتەری زیاتر، توانیمان کێبڕکێ لەنێوان سەنتەرەکاندا دروستبکەین و نرخەکانیان زۆر دابەزێنین."
خزمەتگوزاریی سەنتەرە حکومییەکان و ئاسانکاریی فڕۆکەخانەکان
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، وەزیری کار روونیکردەوە کە لە سەنتەرە حکومییەکاندا رۆژانە ژەمێک خواردن و بڕی 1000 دیناری مانگانە وەک هاوکاری دەدرێتە منداڵەکان. هەروەها لە هەولێر و دهۆک پاسی هاتووچۆیان بۆ دابینکراوە و هەوڵ دەدەن لە سلێمانیش دابینی بکەن.
کوێستان محەممەد گوتیشی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، منداڵانی ئۆتیزم لە نەخۆشخانە حکومییەکان بە خۆڕایی چارەسەر وەردەگرن؛ هاوکات لە فڕۆکەخانەکانیشدا منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان لە پشکنینی گشتی دەبەخشرێن و بە جیا رێکارەکانی گەشتکردنیان بۆ جێبەجێ دەکرێ."
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پلانی داهاتووی وەزارەتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەرنامەیان هەیە لە قەزاکانی چەمچەماڵ، سەیدسادق، خانەقین و ئامێدی سەنتەری نوێی حکومی بۆ منداڵانی ئۆتیزم بکەنەوە.


