رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارێزگای شرناخ و دەروازەی خابوور سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلی کرد. سەرۆکی ژووری بازرگانیی شرناخ دەڵێت، "هاوئاهەنگیی بەردەوام لەنێوان هەردوولا دا هەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان."
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندەکە پێکهاتبوون لە پارێزگاری شرناخ، بەرپرسی دەروازی خابوور و سەرۆکی شارەوانیی شرناخ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی پارێزگاکە.
بە گوتەی کامی کەمال، ئەو سەردان و کۆبوونەوانە، لەنێوان هەردوولادا دەکرێن، ئامانج لێی لێکتێگەیشتن و ئاسانکاریی زیاترە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاراندا.
هاوکات عوسمان گەلیش، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شرناخ بە رووداوی گوت، "پێشتر گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەردنی کردین، ئێمەش ویستمان وەکو وەڵامێک سەردانیان بکەینەوە."
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شرناخ، "ئامانج لە سەردانەکە باشترکردنی پەیوەندیی بازرگانی، کولتووری، پەروەردەیی و کشتوڵیی نێوانمانە، بەهۆی ئەوەی جوگرافیامان لە زاخۆ نزیکە، دەمانەوێت زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین."
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (تویک)، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی 2018دا 11 ملیار دۆلار بووە.
ساڵی 2019 ئەو ژمارەیە بووەتە 12.9 ملیار دۆلار، 2020یش 17.3 ملیار دۆلار بووە. ساڵی 2021 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی 12.8 ملیار دۆلار بووە و ساڵی 2022ش 15.2 ملیار دۆلار بووە.
ساڵی 2023 بەرزبوونەوەیەکی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتە 20 ملیار دۆلار و ساڵی 2024یش بە نزیکەیی پارێزگاریی لە هەمان قەبارە کردووە.
لەنێوان عێراق و تورکیادا ئیبراهیم خەلیل وەکو دەروازەیەکی فەرمی و نێودەوڵەتی کارایە. دەروازەی دیکەی وەکو زێت و سەرزێڕێ هەن کە ئەوان کەمتر بەکاردەهێنرێن.
ئێستا تورکیا لە هەوڵی کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەیە بەناوی (ئۆڤاکۆی-پێشخابوور) لە بەگوێرەی پلانەکان ئەو دەروازەیە لە نێوان تورکیا و عێراقە و لە چوارچێوەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ