رووداو دیجیتاڵ
"یەكپەنجەرە" ناوی سیستمێکی نوێیە کە سبەی یەکشەممە لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چەند فەرمانگەیەكی سلێمانی رادەگەیێندرێت. گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لە رێگەی سیستمەکەوە "کاری هاونیشتمانییان بە ئاسانترین شێوە بەڕێدەکرێت."
یەكپەنجەرە چییە؟
هاونیشتمانی کاتێک دەچێتە ئەو فەرمانگەیەی کە سیستمەکە پەیڕەو دەکات، وەک سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رێگەی پەنجەرەیەکەوە مامەڵەکەی پێشکێشی فەرمانگەکە دەکات، فەرمانبەرەکە رێکارە پێویستەکان بۆ مامەڵەکە دەکات و دواتر لە هەمان پەنجەرەوە مامەڵەکەی وەردەگرێتەوە.
ئێستا هاونیشتمانییان کاتێک کاریان دەکەوێتە فەرمانگەیەکەوە خۆیان بە دوای رێکارە ئیدارییەکانی مامەڵەکەیاندا دەچن، سەمیر هەورامی دەڵێت، "لەمەودوا پێویست ناکات هاونیشتمانی چەند ژوورێک بکات لە فەرمانگەکەدا"، لە رێگەی سیستمەکەوە "کاری هاونیشتمانییان بە ئاسانترین شێوە بەڕێدەکرێت."
لە قۆناخی یەکەمدا لە پێنج فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی سیستمەکە پەیڕەو دەکرێت. سەمیر هەورامی گوتی، لە هەنگاوی دواتردا "فەرمانگەکانی دیکەش دەگرێتەوە، بڕیارە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت."
گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی زیاتر باس لە سیستمی یەكپەنجەرە دەکات و دەڵێت: "بەشێکە لە پێشکێشکردنی خزمەت بۆ هاونیشتمانییان، لەچوارچێوەی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگە حکومییەکان کە برییتییە لە رایکردنی کاروباری خەڵک لە فەرمانگەکان بە ئاسانترین شێوە و بە نەهێشتنی رۆتین و رێگەگرتن لە گەندەڵی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ