رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوو لێدوانی ئەسرەوانێکی زەردەشتییەکان لەبارەی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو رێبەرە ئایینیە دەڵێت، قسەکانی بە مەبەستی سووکایەتیی نەکردووە، "ئەگەر پەیامەکەم هەڵەگەیشتووە، داوای لێبووردن دەکەم."
ئاوات حسامەدین، ئەسرەوانی زەردەشتییەکانە لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، لە یەکێک لە میدیاکان لێدوانێکی لەبارەی زۆربوونی مزگەوت لە هەرێمی کوردستان کاردانەوەی بەدوادا هات، ئەو ئەسرەوانە لە لێدوانەکەدا دەڵێت، "مزگەوت پێویست نییە، با خەڵک لە ماڵەکانی خۆیاندا نوێژ بکەن، بەشێک لە مزگەوتەکان بکرێن بە شوێنی حەوانەوەی ئاوارەکان، سەنتەری گەنجان و شوێنێک بۆ داڵدەدانی ئەو ژنانەی تووندتیژییان بەرامبەر دەکرێت."
رۆژی یەکشەممە، 11-02-2024، ئاوات حسامەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بابەتەکەیان لەسەر "گەورە کردووە بەئەنقەست"، ئەو مەبەستی لە سووکایەتیکردن نەبووە بە مزگەوت و بە قورئان، بەڵکو رێزیان دەگرێ و تەنانەت قورئان لە ماڵەکەیدا هەیە.
نوێنەرێکی زەردەشتییەکان دەڵێت، "ئەو کەسە [ئاوات حسامەدین] زەردەشتی نییە"
نوێنەرێکی زەردەشتییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، دەڵێت، ئەوان هیچ رێبەرێکی ئایینیان نییە بەو ناوە [ئاوات حسامەدین]، زەردەشتییەکان "سووکایەتی" بەهیچ ئایینێک ناکەن، "قسەکانی تەعبیر لە خۆی دەکات."
ئاوات حسامەدین باس لەوە دەکات، "کە ئەو کەسە [نوێنەرێکی زەردەشتییەکان] لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەت خۆی بە زەردەشتی ناساندووە، لە بنەڕەتدا ئەو خۆی زەردەشتی نییە، من ساڵانێک نوێنەری زەردەشتییەکان بووم لە وەزارەتی ئەوقاف، چەندین ساڵ خزمەتی ئایینی زەردەشتی و مرۆڤایەتی و پێکەوژیانم کردووە وەکو ئەوەی ئایینەکەم فێری کردووم."
"لە ماڵەکەمدا قورئان هەیە و رێزی لێدەگرم"
ئەو ئەسرەوانەی زەردەشتییەکان گوتی، "من هیچ کات رێگەم بەخۆم نەداوە سووکایەتی بە هیچ ئایینێک بکەم، تەنانەت قورئان لە ماڵەکەمدا هەیە و چەندین جار خوێندوومەتەوە، رەنگە وەکو پێویست لێی نەگەیشتبم بەهۆی ئەوەی عەرەبییەکەم زۆر باش نییە، بەڵام هەر خوێندوومەتەوە."
ئاوات حسامەدین دەڵێت، "سەبارەت بە قسەکانم لەبارەی مزگەوتەکان، مەبەستم بێڕێزی نەبووە ئەگەر پەیامەکەشم هەڵە گەیشتووە داوای لێبووردن دەکەم، ویستم ئەوە بڵێم کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئاوارەیەکی زۆر هەن، خەڵکانێکی هەژار هەن، لە دۆخێکی خراپدا دەژین بەهۆی سەرماوە، قەیچێکە با بچنە مزگەوت و ئەوێ بکەنە شوێنی حەوانەوەیان."
"کورد وتەنی ماڵ هەبێت مزگەوت حەرامە"
ئاوات حسامەدین باسی لەوەکرد، " کورد قسەیەکی هەیە دەڵێت، 'ئەگەر ماڵ هەبوو، مزگەوت حەرامە'، ئەوەندەی من لە ئایینی ئیسلام تێگەیشتووم پارێزراوی روحی مرۆڤ لەپێش هەموو شتەوەیە، منیش گوتوومە، بە خەڵکی لێقەماو بچنە مزگەوتەکان بمێننەوە ئیسراحەت بکەن، لە هەر کۆڵانێکدا چوار مزگەوت هەیە، ئاساییە ئەگەر ئەو مزگەوتانە بکرێنە شوێنی ژیانیان، من لە جەنابی سەرۆک [سەرۆک مەسعود بارزانی] فێربووم رای ئازادی خۆم دەرببڕم، بۆیە لەمەدا ئازادم، پێم وانییە شتێکی خراپم گوتبێت."
بەشێک لە گوتەکانی ئاوات حسامەدین کە پێشووتر بۆ بەشێک لە میدیاکان کردوویەتی دەڵێت، "مزگەوتەکان بکرێنە سەنتەری گەنجان و قوتابخانە و نەخۆشخانە." لەوبارەیەوە ئەو نوێنەرە بە رووداوی گوت، "ئەمە رای شەخسی خۆمە، بەشێک لە سەرمایەدارەکان لەژێر ناوی دروستکردنی مزگەوتدا خۆیان لە پێدانی باج دەدزنەوە و دواتر زەوییەکە دەکەن بە موڵکی خۆیان، منیش دەڵێم با هەر مزگەوت نەبێ ئەو زەوییانە بکەنە نەخۆشخانە یان سەنتەری گەنجان، بۆ خزمەتی خەڵکی لێقەوماو، دینەکەمان [زەردەشتییەکان] ئامۆژگارییمان دەکات یارمەتی ئەو خەڵکانە بدەین کە پێویستییان بە هاوکارییە."
"وەزارەتی ئەوقاف لە دژی من خەڵکی هانداوە"
وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەێندراوێکدا دەڵێت، "لە چاوپێکەوتنێکدا کەسێک کەوا خۆی ناساندووە نوێنەری زەردەشتییەکانە، بەشێوەیەکی نالۆژیک و دوور لەبەھای پێکەوەژیان، ھەندێ رستەی نەشیاو بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز و (واجباتی دیکەی ئایینی) بەکارھێناوە. ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەوجۆرە لێدوانانە دەکەین."
ئاوات حسامەدین رایگەیاند، "لەدوای لێدوانەکەم، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان خەڵکیان لەنێو وەزارەتەکە و لە دەرەوەش هانداوە لە دژی من قسە بکەن و دژایەتیم بکەن، ئەمەش مەترسی دەبێت لەسەر پێکەوەژیان و چارەنووسی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان. من هەموو ژیانم بۆ پێکەوژیانی ئاشتیانە تەرخان کردووە، چەندین جار مامۆستای ئایینیم بینیوە و دانیشتووین، بانگهێشتم کردوون، بەڵام هەندێک کەس لەنێو ئەو وەزارەتە دژی من خەڵک ئاراستە دەکەن، دەیانەوێت بە ئەنقەست بابەتەکەم لەسەر گەورە بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ