رووداو - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دواتریش دەچێتە سلێمانی.
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر گوتی، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کاژێر 10 دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێدەکرێت.
دوای گەیشتنی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە و پاشان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
دوای کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سلێمانی دەکات.
ئەمە یەکەم سەردانی عادل عەبدولمەهدییە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق.

