له‌ پشده‌ر گه‌نجێك خۆى ده‌كوژێت

11-01-2020
عومەر چاوشین
نیشانەکردن خۆکوشتن
A+ A-
 
رووداو – قه‌ڵادزێ

به‌هۆى پشووى سه‌رى ساڵه‌وه‌ خه‌ڵك خۆیان ئاماده‌ ده‌كرد بۆ گه‌شت و گه‌ڕان، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ى كۆسره‌ت كه‌ چه‌ند رۆژێكی كه‌م به‌ر له‌ سه‌رى ساڵ خۆى كوشت، له‌ ماته‌مدا بوون. ئه‌وان له‌باره‌ی كوڕه‌كه‌یان ده‌ڵێن ماوه‌یه‌ك بوو تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی هاتبوو.
 
سه‌عات 8:20 خوله‌كی سه‌ر له‌ ئێواره‌ى رۆژى 22/12/2019 گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 22 ساڵ به‌ ناوى كۆسره‌ت محه‌ممه‌د عه‌بدوڵڵا، دانیشتووى گه‌ڕه‌كى راپه‌ڕین له‌ شارۆچكه‌ى قه‌ڵادزێ، خۆى كوشت. پۆلیس ده‌ڵێت ئه‌و كوڕه‌ نه‌خۆشیی ده‌روونى هه‌بووه‌، بۆیه‌ خۆى كوشتووه‌. 
 
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوته‌بێژى پۆلیسی راپه‌ڕین به‌ (رووداو)ى راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس له‌ رووداوێكی خۆكوشتن له‌ گه‌ڕه‌كى راپه‌ڕینی قه‌ڵادزێ ئاگادار كرانه‌وه‌، چوونه‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ و ده‌ركه‌وت قوربانییه‌كه‌ گه‌نجێكه‌ به‌ چه‌كى كڵاشینكۆف ته‌قه‌ى له‌ خۆى كردووه‌ و دواتر بردراوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌وێ نه‌شته‌رگه‌رى بۆ كرا، به‌ڵام به‌هۆى سه‌ختیى برینه‌كه‌یه‌وه‌ مرد.
 
سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى خۆكوشتنى ئه‌و گه‌نجه‌، پۆلیس ده‌ڵێت به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرتانه‌ى دواى رووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكارى گه‌نجه‌كه‌وه‌ دراون به‌ پۆلیس، ئه‌و گه‌نجه‌ نه‌خۆشیی ده‌روونى هه‌بووه‌ و ده‌رمانى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیی ده‌روونى به‌كارهێناوه‌. هه‌ر بۆیه‌ كه‌سوكارى سكاڵایان له‌سه‌ر كه‌س نه‌بوو.
 
به‌ گوته‌ى پۆلیس، ئه‌و چه‌كه‌ى كه‌ كۆسره‌ت خۆى پێ كوشتووه‌، چه‌كى خۆى بووه‌، به‌ڵام كۆسره‌ت مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتنى چه‌كى نه‌بووه‌. له‌ راپۆرتى دادپزیشكیش ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ كاتى رووداوه‌كه‌ هیچ جۆره‌ مادده‌یه‌كى هۆشبه‌ر یان ئه‌لكهولی به‌كارنه‌هێناوه‌، بۆیه‌ پۆلیسیش واى بۆ ده‌چێ كه‌ خۆكوشتنه‌كه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بێ.
 
هه‌ر له‌وباره‌وه‌ عوسمان ئه‌حمه‌د، یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هیدانى قه‌ڵادزێ گوتی كۆسره‌ت برینه‌كه‌ى زۆر سه‌خت دیار نه‌بوو، گولله‌یه‌كى له‌ سكى خۆى دابوو له‌ پشتى ده‌رچووبوو، نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرا، خوێنێكى زۆرى له‌به‌ر رۆیشتبوو، نزیكه‌ى 11 بوتڵ خوێنى تێكرا، به‌ڵام رۆژى دواتر تووشى خوێنبه‌ربوونى ناوه‌كى هات و مرد".
 
به‌ گوته‌ى خێزانه‌كه‌ى، كۆسره‌ت كه‌سێكى زۆر بێ كێشه‌ بووه‌، رۆژانه‌ سه‌رقاڵى كارى خۆى بووه‌، به‌ڵام سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر نه‌خۆشیی ده‌روونى لێ ده‌ركه‌وتبوو.
 
پشده‌ر محه‌ممه‌د كه‌ براى كۆسره‌ته‌، به‌ (رووداو)ى گوت: "من دووكاندارم، كۆسره‌ت زۆربه‌ى كات ده‌هاته‌ دووكانه‌كه‌م و یارمه‌تى ده‌دام، كوڕێكى زۆر بێ كێشه‌ بوو".
 
وه‌كو زۆر گه‌نجى دیكه‌ى كوردستان، كه‌ڵكه‌ڵه‌ى چوونه‌ ئه‌وروپا ده‌كه‌وێته‌ مێشكى كۆسره‌ت، به‌ڵام وه‌ك پشده‌ر ده‌ڵێت، به‌ خۆیان و هاوڕێیان و خزمانیان توانییان په‌شیمانى بكه‌نه‌وه‌.
 
پشده‌ر باسى رۆژی خۆكوشتنى براكه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت: "له‌ كاتى رووداوه‌كه‌ ته‌نیا دایكم و باوك و هاوژینى براكه‌م له‌ ماڵ بوون، پشده‌ر چووبووه‌ ژوورى خه‌وتن و له‌وێ گولله‌یه‌كى له‌ خۆی دابوو". 
 
ئه‌گه‌رچى پۆلیس ده‌ڵێت ئه‌و چه‌كه‌ى كۆسره‌ت به‌كارى هێناوه‌ هى خۆیه‌تى، به‌ڵام پشده‌ر ده‌ڵێ چه‌كه‌كه‌ هى برایه‌كى دیكه‌ى بووه‌.
پشده‌ر ده‌ڵێت: "كاتێك بردمان بۆ نه‌خۆشخانه‌، پێیانگوتین برینه‌كه‌ى سووكه‌، نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ كرد. دواى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ به‌هۆش خۆى هاته‌وه‌ و پرسى من چی ده‌كه‌م لێره‌؟ گوتمان هیچ نییه‌ نه‌شته‌رگه‌ریی گورچیله‌ت بۆ كراوه‌". 
 
به‌ڵام دواتر تووشى هه‌ناسه‌ته‌نگی بووبوو. به‌ گوته‌ى پزیشكه‌كان كۆسره‌ت تووشى خوێنبه‌ربوونى ناوه‌كى هاتبوو.
 
سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى خۆكوشتنى براكه‌ى، پشده‌ر ده‌ڵێت: "هیچ هۆكارێك و كێشه‌یه‌ك شك نابه‌ین، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ براكه‌م نه‌خۆشیى ده‌روونى هه‌بوو". به‌ گوته‌ى پشده‌ر، كۆسره‌ت سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر تووشى نه‌خۆشیی ده‌روونى بووه‌، بردوویانه‌ بۆ لاى دوو پزیشك له‌ سلێمانى و پزیشكێكیش له‌ هه‌ولێر، نیازیان وابووه‌ ئه‌گه‌ر چاك نه‌بووه‌وه‌ بیبه‌ن بۆ ئێران.
 
پشده‌ر ده‌ڵێت: "كۆسره‌ت به‌ پێچه‌وانه‌ى زۆر كه‌س كه‌ تووشى نه‌خۆشیی ده‌روونى ده‌بن و شه‌رم ده‌كه‌ن بچنه‌ لاى پزیشك، ئه‌و به‌لایه‌وه‌ ئاسایى بوو، ده‌رمانه‌كانیشى زۆر به‌ رێكوپێكى به‌كارده‌هێنان".
 
پشده‌ر باسى حاڵه‌تى نه‌خۆشیی براكه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌و كاتانه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ى لێ توند ده‌بوو، حه‌زى ده‌كرد كه‌س له‌ ده‌وروبه‌رى نه‌بێ و ته‌نیا راده‌ما". به‌ قسه‌ى پشده‌ر، جگه‌ له‌ كۆسره‌ت، دایكیشى دووچارى نه‌خۆشیی ده‌روونى بووه‌، دواى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى، ره‌وشى ده‌روونى باش بووبوو، به‌ڵام دواى خۆكوشتنى كۆسره‌ت، جارێكى دیكه‌ بارى ده‌روونى تێكچووه‌.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە