رووداو - هەولێر
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بەبێ میوانی دەرەکی بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت "تاوەکو ئێستاش زۆرترین قسە لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە کراوە بۆ کەسی یەکەمی یەکێتی".
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەبارەی پۆستی سکرتێری گشتیی یان کەسی یەکەم، زیاتر قسە لەبارەی دکتۆر بەرهەم ساڵحەوە دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دکتۆر بەرهەم راینەگەیاندووە کە خۆی بۆ پۆستی کەسی یەکەم بەربژێر بکات، ئەو بابەتە گفتوگۆی گەرمی دوو هەفتەی داهاتووی نێوخۆی یەکێتی دەبێت".
سەعدی پیرە ئەوەشی گوت "هەرەمی یەکێتی گۆڕانکاری بەسەردادێت، رەنگە سکرتێری گشتیی بۆ سەرۆک بگۆڕدرێت، سەرۆک چەند جێگرێکی هەبێت و هەر جێگرەی سکرتارییەتی یەکێک لە بەشەکانی لە ئەستۆ بێت، وەکو (پەیوەندییەکانی دەرەوە، حوکمڕانی، پەرلەمان، کاروباری جووتیاران، رێکخستن و دارایی)".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، گوتاری کردنەوەی کۆنگرە لەلایەن کۆسرەت رەسوول، جێگری سکرتێری گشتییەوە پێشکێشدەکرێت، لەبەرئەوەی کە رۆژی کۆنگرەکە لە جەژنی کریسمسەوە نزیکە و زۆربەی بەرپرسان لە پشوودا دەبن، حیزب و لایەن و کەسایەتییەکان لە نێوخۆ و دەرەوە بە رێگەی نامە بەشداری و پیرۆزباییمان لێدەکەن و میوانی دەرەوە بانگهێشت ناکەین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای دامەزراندنییەوە سێ کۆنگرەی بەستووە، بڕیارە رۆژی 21-12-2019 بە بەشداریی نزیکەی هەزار ئەندام کۆنگرەی چوارەمی ببەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ