رووداو - سلێمانی
ئەمڕۆ (یەکشەممە 10-12-2018)، لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە سلێمانی یەکەم رۆژی پرسەی پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز بەڕێوەچوو.
بڕیارە رۆژی سێشەممە 11-12-2018، تەرمی پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بھێنرێتەوە کوردستان و لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە خاک بسپێردرێت.
نیعمەت تۆفیق، خوشکی مامۆستا جەمال نەبەز، نووسەر و بیرمەندی نێوداری كورد لە پەیامێکدا رایگەیاند: "تەرمی مامۆستا جەمال نەبەز دەھێنرێتەوە کوردستان و لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان دەنێژرێت".
بڕیاریشە رۆژی سێشەممە کاژێر 4ـی ئێوارە لە بەرلین ، بە هەمان شێوە پرسە بۆ ئەو بیرمەندە دابندرێت و هاوبیرانی لە ئەڵمانیا بەشداری پرسەکەی بکەن.
لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کوردیش رایگەیاند: "رۆژی چوارشەممە 12ـی ئەو مانگە لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لە هەولێر پرسە بۆ پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز دادەنێن و پرسەکەشی کاژێر 3:00 تاوەکو 5:00ـی ئێوارە دەبێت".
رۆژی 08-12-2018، پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز، نووسەر و بیرمەندی نێوداری كورد لە تەمەنی 85 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.
پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوەو یەكێتیی كورد- كاژیك) و لەساڵی 1962ـەوە لە ئەوروپا دەژی و خاوەنی زیاتر لە 60 كتێب و سەتان لێكۆڵینەوەی زانستی و هزری و سیاسییە بە زمانەكانی : كوردی ، عەرەبی ، ئینگلیزی و ئەڵمانی . ماوەیەكی زۆر لە كوردستان ، عێراق و ئەڵمانیا مامۆستا بووە .
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)