یەکێتیی مامۆستایان: ئەو وانەبێژانەی کراون بە گرێبەست، پێویستە بایۆمەتری بکەن

10-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، پڕۆسەی بایۆمەترییان دەستیپێکرد. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، مووچەی ئەو وانەبێژانە لەسەر هەرێمی کوردستانە و کات بۆ بایۆمەترییان دیاری نەکراوە.
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پرۆسەی بایۆمەتریکردنی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە و کاتێکی تایبەتیان بۆ دیاری نەکراوە، بەڵام دەبێت لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەمیان بایۆمەتری بکەن.
 
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، هەر مووچەخۆرێکی دیکە کە حکومەتی عێراق دەبێت پارەی بۆ دابین بکات، دوایین کات 20ـی ئەم مانگەیە بۆ بایۆمەتری، "بەڵام ئەو پرۆسەیە وانەبێژانی گرێبەست ناگرێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان مووچەیان بۆ دابین دەکات."
 
بەپێی رێکارەکانی پرۆسەکە، هەر وانەبێژێک لە کەرتێکی دیکە دامەزرابێت، لە کاتی بایۆمەتریدا ئاشکرا دەبێت و گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ عەلی رەئوف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "80%ـی وانەبێژانی کە بەگرێبەستکراون، بایۆمەترییان کردووە و پڕۆسەکە بەردەوامە."
 
بەپێی گوتەی عەلی رەئوف، هەر وانەبێژێک بەهۆی دامەزراندنی لە جێگەیەکی دیکە گرێبەستەکەی هەڵبووەشێتەوە، یەکێک لەو وانەبێژانە دەخرێتە جێگەی کە ساڵانی رابردوو بەهۆکاری جیا لابراون، یان وازیان  هێناوە.
 
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە. مانگانەش پێویستیان بە زیاتر لە 18 ملیار دینارە بۆ مووچەکانیان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە