رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، جەخت لە گرنگیی "گفتوگۆی سیاسی" لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە 10-08-2021، ماتیو توولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆبێرت پالادینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لەسەر پرسە گەرمەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەڵامی پرسیاری رووداو و چەند میدیایێکی دیکەیان دایەوە.
توولەر لەبارەی رەوشی یەکێتیی و ناکۆکییەکانی نێوان هاوسەرۆکەکانی گوتی، "بێ ئەوەی باس لە وردەکارییەکانی رووداوەکانی سلێمانی بکەم، من وەڵامێکی گشتیتان پێ دەدەم. هەڵوێست و پەیامی ئەمریکا بۆ هاوڕێکانمان هەمیشە ئەوە بووە، چ کورد بن یان عەرەب، شيعە بن یان سوونە، بەرژەوەندیی ئەوان و عێراق ئەو کاتەیە کە لە پێناو دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و یەکخستنی هەڵوێستیان، پێکەوە کار بکەن."
هەروەها باسی لەوە کرد، "پەیامی ئێمە وەکو هاوپەیمانێکی عێراق ئەوەیە کە بە هەموو هاوڕێکانمان بڵێین، تکایە لە رێگەی گفتوگۆی سیاسی و قسەکردن لەگەڵ یەکدی، رێگەیێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە بدۆزنەوە، بێ گومان هەر هەوڵێکیش بۆ پەنابردنەبەر تەوندوتیژی، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، ئەوان هیواخوازن ئەنقەرە بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا بکات کە واشنتن پێی باشە، کە ئەویش بریتییە لەوەی رێگە بە بەغدا بدرێت خۆی مامەڵە لەگەڵ پارتەکەدا بکات.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گوتی، پەکەکە "رێکخراوێکی تیرۆریستییە" و لەگەڵ چەند گرووپێکی چەکداری شيعەی نایاسایی لە پەیوەندیدایە و لە هەندێ شوێن شان بە شانی یەکدی هاوئاهەنگی دەکەن.
باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژە بەوەشدەدات، "ئێمە زۆر نیگەرانین کاتێک کە تورکیا لە نێو عێراقدا لە دژی پەکەکە هەنگاو دەگرێتە بەر، چونکە ئەو کارە، لە داهاتووی دووردا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لاواز دەکات و دەبێتە ئاڵنگاری بۆ حکومەتی عێراق. هیوادارم بە تێپەڕبوونی کات تورکیا هەمان هەڵوێست بگرێتە بەر کە ئێمە هەمانە، کە ئەویش بریتییە لەوەی، بەرژەوندیمان لە هەبوونی عێراقێکدایە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانەدا بکات کە پەکەکەی لێیە و بتوانێت هەڕەشەکەی لاببات."
وێڕای نیگەرانییەکانی بەغدا، لە ماوەی رابردوودا، تورکیا بەردەوام بووە لە بەئامانجکردنی پەکەکە لە باشووری کوردستان.
توولەر هەروەها رایگەیاند کە ئەمریکا لەم کاتەدا هیچ پلانێکیان بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە بنکەی باشوور لە هەریر نییە.
لەبارەی گرووپە چەکدارە شيعەکانیش جەختی لەوە کردەوە، واشنتن هەوڵدەدات بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵام ناشیانەوێت ئەو هەوڵانە ببنە هۆی لاوازکردنی عێراق.
بڕیارە لە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بکرێت، لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن باڵیۆزی ئەمریکا رایگەیاند، "پرسیارەکە ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەک بەڕێوەدەچێت کە متمانەی خەڵکی عێراق بۆ هەڵبژاردن بگەڕێنێتەوە"، هەروەها رەخنە لە هەڵبژاردنی 2018 دەگرێت بەوەی کە هێزە میلیشیاکان کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکەی هەبووە و دەڵێت، "بەشێکی هۆکاری ئەوەی کە پارتە تووندئاژۆکان توانیان دەنگی زۆر بەدەستبهێنن، بەشداریکردنی کەمی خەڵک بوو لە هەڵبژاردنەکان".

.png&w=3840&q=75)
