شارەوانیی سۆران دەست بە هەڵمەتی كۆكردنەوەی مانگای بەرەڵڵا دەكات

10-08-2018
مەهدی محەممەد رواندزی
نیشانەکردن سۆران
A+ A-

رووداو-سۆران

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سۆران بە پاڵشتی دادگا و هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكان، هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی ئەو مانگایانە دەستپێدەكات كە لە شەقام و كۆڵانەكان بەرەڵا كراون. بەرپرسێكی شارەوانیش دەڵێت ئومێدێكی زۆر هەیە دیاردەكە كۆنترۆڵ بكەن.


شارەوانیی سۆران زیاتر لە 15 ساڵە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بەخێوكردنی مانگا دەدات لەنێو سەنتەری شار، بەڵام نەیتوانیوە كۆتایی بەو دیاردەیە بهێنێ، هاووڵاتیان دەڵێن ئەوان چاوەڕێ بوون قەزاكەیان ببێتە پارێزگا، بەڵام لە سایەی  مانگاكانەوە بووەتە گوندێكی گەورە.

2000 مانگا لەنێو شار

جاسم جوبرائیل، سەرۆكی لیژنەی نەهێشتنی ئاژەڵ لەنێو شار، ئاماژە بەوە دەكات كە بەخێوكردنی مانگا لەنێو سەنتەری شار لەچاو ساڵانی رابردوو زۆر زیادی كردووە. جاسم دەڵێت "تەنیا لە سەنتەری شار نزیكەی 2000 مانگا بەخێودەكرێن و رۆژ بە رۆژیش ژمارەیان زیاد دەكات. ئێستا بەخێوكردنی مانگا لەنێو شار زۆر زیاترە لە گوندەكانی دەوروبەر".

ئەو كارمەندەی شارەوانی دەڵێت گوشارێكی زۆریان لەسەرە بۆ رێگەگرتن لە دیاردەی بەخێوكردنی ئاژەڵ لە سەنتەری شار "بەردەوام خەڵك گلەیی دەكەن كە شارەوانی ناتوانێ‌ سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنێ‌ و كۆنتڕۆڵی بكات، رۆژانە لە گەڕەكەكاندا ئەو مانگایانە زیان بە باخچەی ماڵان و حاوییەكانی زبڵ دەگەیێنن و دار و درەختی شەقامەكان دەشكێنن".

شارەوانی تاقەتی چووە بەدەست ئەو دیاردەوە، لە دوایین هەوڵیشیدا لە رۆژی 9/7/2018 لێژنەیەكی بەناوی "لێژنەی نەهێشتنی ئاژەڵ لەنێو شار" پێكهێناوە و هەر هەمان رۆژ دەستبەكار بووە. جاسم دەڵێت "لیژنەكە ئومێدبەخشە و جیاوازە لە لیژنەكانی پێشوو، دڵنیام ئەمجارە دەتوانین دیاردەكە كۆنترۆڵ بكەین".

زۆربەی مانگاكان لە گەڕەكەكانی جوندیان دوو، راپەڕین، كۆڕەك و دێڵزیان بەخێودەكرێن. جاسم دەڵێت "ئێمە بەرژەوەندیی خەڵك لەبەرچاو دەگرین، بەڵام ناكرێ‌ رێگە بدەین شارەكەمان ببێتە حەساری بەخێوكردنی ئاژەڵ، ئێرە ناوچەیەكی گەشتیارییە، ئاخر بووە گەشتیار كە سەردانی سۆران دەكات، هەر لە دەروازەی شارەوە بینەری ئەو هەمووە ئاژەڵە بێ‌؟".

حەكیم بابەكر، بەرپرسی بەشی باخچەكان لە شارەوانی سۆران بە (رووداو)ی گوت :"ساڵی رابردوو بایی 12 ملیۆن دینار دارمان چاند، بەڵام زۆربەی دارەكان لەلایەن مانگاكانەوە شكێندراون، بە تایبەت لە جووت سایدی گەڕەكی جوندیان و دێڵزیان و چەند شوێنێكی تر، ئەم كارەساتە هەموو ساڵێ‌ بەسەر دار و دەرختەكانی ئێمەدا دێت، مانگاكان و خاوەنەكانیان ناهێڵن سۆرانێكی سەوز و جوانمان هەبێ".

حەكیم بابەكر پێیوایە بە دروستكردنی لێژنە و غەرامەكردنی خاوەنی ئاژەڵەكان، دیاردەكە بنبڕ ناكرێ‌، بەڵكو باشترە لە رێگەی موختاری گەڕەكەكانەوە ئەو كەسانە ئاگادار بكرێنەوە كە ئاژەڵ بەخێو دەكەن، ئەگەر بە قسەی موختاریان نەكرد، بدرێنە دادگا و سزا بدرێن. حەكیم دەڵێت: "پێشتر ئەو رێگایەمان تاقیكردووەتەوە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شار. دانیشتووانی ئەو گەڕەكە بەدەنگ داواكەی ئێمە هاتن و تەواوی ئاژەڵەكانیان لە گەڕەكەكەیان دوورخستەوە".

ئۆتۆمبێلی مانگاكان هەڕەشەی لەسەرە

شارەوانیی سۆران ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری بۆ كۆكردنەوەی ئاژەڵەكان دابین كردووە. مەولود عەلی سلێمان كە شوفێری بارهەڵگرەكەیە، دەڵێت :"لەگەڵ سێ‌ لە هاوكارانم رۆژانە پێنج سەعات بە كۆڵانەكانی سۆراندا دەسووڕێینەوە، هەر مانگایەك ببینین یەكسەر باری دەكەین".

ژمارە تەلەفۆنێك بە فۆنتێكی زۆر گەورە لەسەر ئۆتۆمبێلەكە نووسراوە، مەولود دەڵێت: "خەڵك زوو زوو تەلەفۆنمان بۆ دەكەن، زۆرجار كە دەگەینە شوێنەكە خەڵكی گەڕەكەكە مانگاكەیان بەستووەتەوە، تەنانەت بۆ باركردن هاوكاریشمان دەكەن".

مەولود دەڵێت رۆژانە نزیكەی سێ‌ مانگا لە شەقامە گشتییەكان كۆدەكەنەوە، تاوەكو ئێستاش نزیكەی 50 مانگایان كۆكردووەتەوە. ئەو نایشارێتەوە كە چەند جارێك لەلایەن خاوەنی مانگاكانەوە هەڕەشەیان لێكراوە.

جاسم جوبرائیل باسی سزای خاوەنی ئەو ئاژەڵانە دەكات كە دەستیان بەسەردا دەگرن و دەڵێت: "بۆ دانەوەی هەر مانگایەك بە خاوەنەكەی، 150 هەزار دینار وەردەگرین، شەوی یەكەم خاتری خاوەنەكەی دەگرین، بەڵام ئەگەر نەهات بۆ وەرگرتنەوەی مانگاكەی، چەند شەو لای ئێمە بمێنێتەوە بۆ هەر شەوێك 30 هەزار دینار دەچێتە سەر سزاكەی".

 گوتیشی: "بەڵێننامە بە خاوەنەكەی پڕ دەكەینەوە كە ئەگەر جاری دووەم مانگەكە دەستی بەسەردا بگیرێ‌، ئەوە سەری دەبڕین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە