سەرجەم قوتابییە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان بە سکۆلەرشیپی نێچیرڤان بارزانی دەخوێنن

10-07-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ خوانی نیوەڕۆ قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لەگەڵ خێزانەکانیان بانگهێشتکرد و دوای بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان، سەرجەمی 30 قوتابییەکەی خستە ژێر چەتری سکۆلەرشیپی نێچیرڤان بارزانی و رایگەیاند: "ئایندەی ئەو میللەتە پێویستی بە زانست و خوێندنە بۆ ئەوەی بگەینە کاروانی ئەو وڵاتانەی پێشکەوتوون، ئەو ئاڵایە هەڵگرن و کوردستان سەربەرز بکەن".
 
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە قوتابییە یەکەم، دووەم و سێیەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی و خێزانەکانیان کرد و وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانی راسپارد بۆ ئەوەی بیانخاتە ژێر چەتری سکۆلەر شیپی نێچیرڤان بارزانی.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی یەکەمبوونی لێکردن و هیوای سەرکەوتنی لە قۆناخی زانکۆ بۆ خواستن و گوتی؛ "ئێوە قۆناخێکی زۆر گرنگی ژیانتان بە سەرکەوتوویی تەواوکرد و هیوادارم قۆناخەکانی دیکەی خوێندنیش وەکو ئێستا بە سەرکەوتوویی ببڕن".
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "دڵنیام بەبێ پاڵپشتی دایک و باوک و کەسوکارتان نەتاندەتوانی ئەم سەرکەوتنە بەدەستبهێنن، بۆیە دەستخۆشی و پیرۆزباییەکی گەرم لە ماڵباتی ئێوە دەکەم".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا داوایەکی ئاراستەی قوتابیان کرد و پێیگوتن: "ئێوە بۆ بڕینی ئەم قۆناخە زەحمەتی زۆرتان کێشاوە، بۆیە ئێمە شانازیتان پێوەدەکەین. ئەمڕۆ کوردستان پێویستی بە ئێوە هەیە، قۆناخی ئەمڕۆی کوردستان پێویستی بەوە هەیە کە ئێوە بە چەکی قەڵەم و زانست خۆتان پڕچەک بکەن، لەبەرئەوەی ئێوە ئایندەی ئەم وڵاتەن و ئایندەی ئەم وڵاتە بەدەستی ئێوەیە".
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، ئەوەی ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵییە، کاتێک دەهاتنە ژوورەوە بینیمن تا رادەیەکی زۆر کچان و ئافرەتان لەنێو سەرکەوتووەکاندا دیار بوون، کە ئەمەش جێی شانازییە و دووپاتیکردەوە؛ "ئایندەی ئەو میللەتە پێویستی بە زانست و خوێندنە بۆ ئەوەی بگەین بە کاروانی ئەو وڵاتانەی پێشکەوتوون، ئەو ئاڵایە هەڵگرن و کوردستان سەربەرز بکەن و بەرەو قۆناخی نوێی ببەن، چونکە وڵات لەدەست خۆتانە و داهاتوو بۆ ئێوەیە".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسێکی گەرمی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند؛ "سوپاسی وەزارەت و وەزیر و جێگر و سەرجەم ئەو بەڕێزانە دەکەم کە هەریەکێک بە جۆرێک لەگەڵ ئێوە ماندووبوون، بەڵام بەتایبەتی دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتیم بۆ مامۆستایانی ئێوە هەیە و دەمەوێ دەنگی خۆم بگەیەنم بەوان و پێیانبڵێم، سوپاستان دەکەم بە هەموو ئەو دۆخە ناخۆشەی هەبووە، ئێوە پرۆسەی خوێندنتان لە کوردستان درێژە پێداوە، دڵنیابن کە ئێوە جێی شانازین بۆ کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ئەم ئەمانەتە لەدەستی ئێوەیە، بە هەموو هێز و تواناتان وەریبگرن و بەرەو پێشەوەی ببەن".
 
رێزلێنانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەمەکان
 
دوای پێشوازیکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی نێچیرڤان بارزانی، پێشکێش بە سەرجەم یەکەم، دووەم و سێیەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کرد.
 
تۆفیق فەریق، باوکی یەک لە قوتابییە یەکەمەکان بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت؛ ئەو رێزلێنانە زۆر خۆشحاڵی کردین، رێزلێنانێکی لەم شێوەیە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە قوتابییەکانمان دڵگەرمیان دەکات تاوەکو لە قۆناخەکانی داهاتووی خوێندنیان سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن".
 
سوهام شکور، دایکی یەک لە قوتابییەکان بانگهێشتکردنی یەکەمەکان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە "رێزلێنانێکی گەورە" ناوبرد و گوتی: "رۆژێکی زۆر خۆشبوو کە بینیمان کوڕەکەمان تا ئەو رادەیە سەری بەرزکردووینەتەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کردووین، ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە و قەت لەبیرمان ناچێتەوە".
 

دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە
 
لە رێوڕەسمەکەدا، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش ئامادەبوو و رایگەیاند کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایسپاردووە چەند قوتابخانەیەک لە هەرێمی کوردستان نۆژەن بکەنەوە و قوتابخانەی نوێش دروستبکەن.
 
ئالان حەمە سەعید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێک لە کەسوکاری قوتابییەکان داواکاری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانیان پێشکێشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و بەڵێنی پێدان بۆیان جێبەجێبکات."
 
ئالان حەمە سەعید لەکاتی قسەکردن بۆ قوتابییەکان ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند بەڵێنێکی داوە و رووبەڕووی ئێمەی کردووەتەوە بەدواداچوونی بۆ بکەین لەوانە؛ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ.
 
سکۆلەرشیپی نێچیرڤان بارزانی
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە هەر 30 قوتابییە یەکەم، دووەم و سێیەمەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان دا بیانخاتە ژێر چەتری سکۆلەرشیپی نێچیرڤان بارزانی، واتا قوتابیان لەسەر ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەر زانکۆ و پەیمانگایەکی هەرێمی کوردستان پێیان خۆشبێت بخوێنن.
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێمەی راسپاردووە سەرپەرشتیی پڕۆسەکە بکەین، بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەر قوتابییەک بیەوێت لە زانکۆکانی کوردستان بخوێنێت، کاری وەرگیرانەکەی جێبەجێ بکەین.''
 
سکۆلەرشیپەکەی نێچیرڤان بارزانی کرێی خوێندنی چوار ساڵی زانکۆ بۆ قوتابیان دابین دەکات و ئەوانەش کە لە دەرەوەی شارەکانن، شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
 

سکۆڵەرشیپی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2013ـەوە دەدرێتە قوتابییان و خوێندکاران و خوێندنی خۆڕایی پێشکێشی فێرخوازان لە زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوە دەکات. ساڵانە 250 تاوەکو 300 فێرخواز لە سکۆلەرشیپەکە سوودمەند دەبن.
 
ساوێن عەبدوڵڵا، کە لە بەشی پیشەیی پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، بە رووداوی گوت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێداین لە هەر زانکۆ و پەیمانگایەک بمانەوێ دەتوانین بخوێنین و ئەوانەش کە لە دەرەوەی شارەکانن، شوێنی مانەوەیان بۆ دابیندەکرێت.
 
هاوکات، عەبدوڵڵا عومەر، یەکێکی دیکە لە قوتابییە سێیەمەکانی بەشی پیشەیی گوتی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی دا هەر بەشێکی خۆمان بمانەوێت و بەهرەمان تێیدا هەبێت، بتوانین بیخوێنن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."