بەرگریی شارستانیی کۆیە: تەرمی ئەو دوو کچەی کەوتبوونە نێو زێی بچووک نەدۆزراونەتەوە

10-07-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن خنکان کۆیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرگریی شارستانیی کۆیە دەڵێت، "گەڕان بە دوای تەرمی ئەو دوو کچەی کەوتنە نێو زێی بچووک بەردەوامە؛ بەهۆی زۆری و تیژیی ئاوەکەوە، دۆزینەوەی تەرمەکان زەحمەتە".
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 09-07-2023 باپیرەیەک و دوو نەوەی لە ئاوی زێی بچووک لە سنووری ناحیەی سێگردکانی سەر بە قەزای کۆیە خنکان؛ نزیکەی دوو کاژێر دوای رووداوەکە، تەرمی باپیرەکە دۆزرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمی دوو کچە نەدۆزراونەتەوە. 
 
عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە ئەمڕۆ (دووشەممە 10-07-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا تەرمی دوو کچەکە نەدۆزراونەتەوە و گەڕان بە دوای تەرمەکانیان بەردەوامە. ئێستا سێ بەلەم و 12 کارمەندی بەرگریی شارستانیی کۆیە بە دوای تەرمی ئەو دوو کچەدا دەگەڕێن".
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە دەشڵێت، "بەهۆی زۆری و تیژیی ئاوەکەوە، گەڕان بەدوای تەرمی ئەو دوو کچە هەندێک ئەستەمە".
 
بە گوتەی عەمید گۆران ئەحمەد، "ئەو سێ کەسە دانیشتووی قووشتەپە بوون و بۆ گەشتوگوزار چووبوونە ئەو ناوچەیە و تۆڕی ماسییان خستبووە نێو ئاوەکە، لەو کاتەدا تووشی ئەو رووداوە بوون".
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو سێ کەسە، بەرگریی شارستانیی کۆیە دەڵێت، پیاوەکە ناوی ئەحمەد عومەرە کە تەمەنی 60 ساڵ و کاسب بوو؛ دوو نەوەکەی ناویان شایستە مامەدین و ماردین مامەدینە کە یەکێکیان تەمەنی 13 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 14 ساڵە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە