رووداو دیجیتاڵ
تەرمی گەنجێکی 25 بۆ 30 ساڵ لە گردی سەیوانی سلێمانی دۆزراوەتەوە کە شوێنەواری چەقۆ بە ملیەوە هەیە.
لەو بارەوە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "پاش ئەوەی ئەمشەو 10-6-2024، لە نزیک (گۆڕستانی سەیوان) لە شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاووڵاتی دروست دەبێت، دەبێتە هۆی برینداربوونی کەسێکیان لە ئەنجامی بەرکەوتنی چەقۆ لەلایەن بکەری تاوانەکەوە".
ئاسایش دەشڵێت، "دوای گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش بە شوێنی رووداوەکە، تۆمەتبارێک بەناوی (ش، خ) دەستگیرکرا و دەستبەجێ برینداری رووداوەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا".
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ رووداو، تۆمەتباری کوشتنەکە [بکوژ] دەستگیرکراوە کە "ناسراوی کوژراوەکەیە".
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، "دوو شوێنەواری چەقۆ بە ملی گەنجەکەوەیە، بەڵام ملی لێ نەبووەتەوە".
تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە بەدیاریکراوی روون نییە، بەڵام سەرچاوەکانی رووداو گوتیان، "کێشەی کۆن لەنێوان بکوژ و کوژراو هەبووە".
ئاسایشی سلێمانی باس لەوە دەکات، "پاش لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت تۆمەتبار پێشینەی تاوانی هەیە و لێکۆڵینەوە لەم دۆسییە بەردەوامە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ