پەرلەمانتارێک: ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بە هەرێمی کوردستان کرا، تەنیا لە 16 ئۆکتۆبەر بینراوە

10-06-2023
پەیمان محەممەد
سۆران عومەر لە نیوڕۆژی رووداو قسە دەکات
سۆران عومەر لە نیوڕۆژی رووداو قسە دەکات
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دۆخی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا زۆر خراپە. ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت پاشەکەوتی مووچە بداتەوە.
 
رۆژی شەممە 10-06-2023، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "دۆخی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا زۆر خراپە و مادەی 13، کە تێپەڕیوە، هیچی بۆ هەرێمی کوردستان نەهێشتووەتەوە".
 
شەوی رابردوو، کۆبوونەوەی پەرلەمان تاوەکو بەرەبەیان بەردەوام بوو، کە تێیدا دەنگ بە مادەکانی 2، 9، 10، 11، 12، 13 و 18 درا، مادەی 14، کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها مادەکانی 15، 16 و 17 کە ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانی دیکەی لەسەربوو، دواخرا.
 
بەگوتەی سۆران عومەر، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردوودا، لە مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەدا گرفت دروستبوو، ''یەکێک لە گرفتەکان لەبارەی ئەوە بوو؛ کاتێک ناکۆکیی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەبێت، لە رەشنووسە سەرەکییەکەی حکومەتدا هاتووە، لە ماوەی 30 رۆژ لیژنەیەک لە هەردوولا دروست بکرێت و بەدواداچوون بۆ گرفتەکە بکات، دواتر راپۆرتی خۆی دەداتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو بڕیار دەدات، ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر بکرێت؛ بەڵام لایەنە شیعەکان ئەوەیان قبووڵ نییە''.
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق لە پشکی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بەپێچەوانەی ئەم پێشنیازە و بەپێی داوای لایەنی شیعە بێت، بڕگەکە مەترسی دەخاتە سەر کۆی بودجەی هەرێمی کوردستان، ''ئەوان دەڵێن نابێت سەرۆکوەزیران ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە، بەڵکو دەبێ دوای تێپەڕبوونی 30 رۆژ بەسەر کێشەکەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ببڕن و کار بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بکرێت''.
 
سۆران عومەر جەخت لەوە دەکاتەوە، ''بەهیچ شیوەیەک'' نابێ ئەم بڕگەیە قبووڵ بکرێت، ''چونکە هەرکاتێک بیانەوێت، دەتوانن لەو رێگەوە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن''.
 
وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی ئەو بڕگەیەن لە مادەی 14، کە مافی بڕینی بودجە لە کاتی دروستبوونی هەر کێشەک دوای 30 رۆژ، بە بەغدا دەدات، ''چونکە پەیوەندی بە هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە''.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی شیعە واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوای گەڕانەوەی ئەو جیاوازییە دەکەن، کە لە مووچەی حەشدی شەعبی لە چەند ساڵی رابردوودا هەبووە و، بە 250 ملیار دیناریان خەمڵاندووە.
 
پەرلەمانتارەکە لەوبارەوە گوتی، بە هەمانشێوە، ئەوانیش بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچە داوایان کردووە بڕە پارەیەک لە پڕۆژەیاساکەدا جێبکرێتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق بەوە رازی نەبووە، گوتیشی ''حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێرباری دانەوەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچە. کاتێک پاشەکەوتی کردووە، بەهەر بیانوویەکیش بووبێت، دەبێت بیداتەوە''.
 
لە بڕگەیەکی مادەی 14ـدا باس لەوە دەکرێت، شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی هەموو ساڵێک هاتووە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕینی بودجە لەلایەن بەغدا بە هۆکاری پاشەکەوتی مووچە دادەنێت، سۆران عومەر لەوبارەوە ئاماژەی دا، فراکسیۆنی کۆمەڵ پێشنیازی ئەوەی کردووە، ئەگەر پاشەکەوتی مووچە بەهۆی بڕینی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە بووە، ''با لە رێگەی بڕگەی یەکی مادەی 14 کە تایبەتە بە یەکلاییکردنەوەی شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، داوای بکەنەوە''.
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، دۆخی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا زۆر خراپە و ''ئەوانەی کە ئێستا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن؛ بەوانەشەوە، کە شەو رێککەوتنیان لەگەڵ کراوە و دانەوەی پاشەکەوتیشیان لە پڕۆژەیاساکە دەرهێناوەتەوە، وەکو تاوانبارێکی گەورە سەیری هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان دەکەن. بەشێک لەوانەی کە دەڵێن ئێمە لەگەڵ خەڵکی کوردستانین راست ناکەن''.
 
لە بڕگەیەکی گۆڕانکارییەکانی مادەی 14ـدا کە لیژنەی دارایی جێگری کردبوو، هەرێمی کوردستان بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە پشتپێبەستراوەکان لەم یاسایە و دادپەروەری و بێ جیاکاری پابەند دەکرێت، بەپێچەوانەوە حکومەتی فیدراڵی پشکی پارێزگای ناڕازی بەپێی ئەم یاسایە دەبڕێت و راستەخۆ رادەستی خۆی دەکات کە ئەوە لەسەر داوای یەکێتی بوو.
 
سۆران عومەر لەبارەی ئەم بڕگەیەوە رایگەیاند، بە واژۆی هادی عامری، رێککەوتن کراوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە پێدانی دادپەروەرانەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بەپێی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەوە حکومەتی فیدراڵی پێویستە رێکاری پێویست بگرێتەبەر، بەڵام یەکێتی لەسەر داوایەکەی خۆی سوورە.
 
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداری دەدات، ''دۆخی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بە جۆرێکە وەکو ئەوەی بە بارهەڵگرێک تریاکەوە دەستگیریان کردبێت و ئێستا لە بەردەم دادگەیە. ئەوەی لەو پڕۆژەیاسایەدا بە هەرێمی کوردستانیان کردووە، تەنیا لە 16 ئۆکتۆبەر بینراوە".
 
بەگوێرەی بڕیاری فەرمی، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە بڕگە و مادەکانی دیکەی پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێدەکاتەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەبێتە سێیەم کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.